خاوی ئامێرەکان لە چەند بنکەیەک پڕۆسەی دەنگدان سست دەکات

پڕۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت
یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی تایبەت لە رانیە - فۆتۆ: ئاراس ئەمین
یەکێک لە بنکەکانی دەنگدانی تایبەت لە رانیە - فۆتۆ: ئاراس ئەمین

K24 – هەولێر

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرانی کوردستان24، بەهۆی خاوی ئامێرەکان، پرۆسەی دەنگدان لە چەند بنکەیەک بە سست بەڕێوەدەچێت.

هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24 لە یەكێک لە بنکەکانی دەنگدان لە عەنکاوە رایگەیاند، بەهۆی خاوی ئامێرەکان، پڕۆسەی دەنگدان بە سستی بەڕێوەدەچێت و قەرەباڵغی زۆر لەبەردەم بنکەی دەنگدان دروستبووە".

لەلایەکی دیکە ئاراس ئەمین پەیامنێری کوردستان24 لە رانیە گوتی: "لە بەیانییەوە لە هەندێک بنکەی دەنگدان ژمارەیەکی زۆر لە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ کۆبوونەتەوە و پڕۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت".

هاوکات پەیامنێرمان رێناس عەلی، لە شەمامک گوتی: "بەهۆی بوونی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان، ماوەی دوو کاتژمێر پڕۆسەی دەنگدان راگیرا، ئێستاش پرۆسەکە بە سستی بەڕێوەدەچێت".

فەرماندەیەکی پێشمەرگە لەبەردەم بنکەی دەنگدان بە کوردستان24ی گوت: "گرفتێکی دیکە ئەوەیە پێشمەرگەکانمان دەچنە ناو بنکەکانی دەنگدان، بەڵام ئامێرەکە کارتی دەنگدانی هەندێکیان ناخوێنێتەوە، ئەمەش زیاتر پرۆسەی دەنگدانی سست کردووە".

کاتژمێر 7ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت لە شارو شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەستیپێکردووە.