کۆڕبەندی پەرەپێدانی پیشەسازی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

گفتوگۆ لەبارەی رۆڵی کەرتی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت

K24 - هەولێر

بە سەرپەرشتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کۆڕبەندی پەرەپێدانی پیشەسازی لە هەولێر بەڕێوەدەچێت.

د. خۆشەوی محەمەد، سەرپەرشتیاری کۆڕبەندی پەرەپێدانی پیشەسازی لە هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئامانجی سەرەکی کۆڕبەندەکە پیشاندانی پێشکەوتنی هەرێمی کوردستانە لە بواری پیشەسازی و بەرزکردنەوەی چالاکییە ئابوورییەکان".

گوتیشی: "کەرتی پیشەسازی کە تایبەتە بە کردنەوەی کارگەکان، بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمە ناوخۆییەکان رۆڵی گرنگی هەیە. ئێستا کارگەی باشمان لە هەرێمی کوردستان هەن و بەرهەمەکانیان هەناردەی چەندین وڵات دەکرێت".

د. خۆشەوی محەمەد، ئاماژەی بەوەشدا: "کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردەوام جەخت لە هەمەجەشن کردنی داهاتە ناوخۆییەکان دەکاتەوە، کە پشت بە داهاتە نانەوتییەکان ببەسترێت، کەرتی پیشەسازیش یەکێکە لە کەرتە سەرەکییەکان بۆ هەمە جەشن کردنی داهات و گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی".

راشیگەیاند: "دەمانەوێت بە گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازی هەلی زیاتر بۆ گەنجانی کوردستان بڕەخسێت و گەنجان تەنها چاویان لە دامەزراندن و مووچە نەبێت".

رێناز عەلی، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لەو کۆڕبەندە لە چەند پانێڵێکدا گفتوگۆ لەبارەی کەرتی گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، لە پانێڵی یەکەم، خاوەن چەند پڕۆژەیەکی پیشەسازی بەشدارن. هەروەها لە پانێڵی دووەم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان، وەزیری پلاندانان، لیژنەی پیشەسازی پەرلەمانی کوردستان بەشداری دەکەن.

سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەو کۆڕبەندە کەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "خاوەن کارگەکان لە کۆڕبەندەکە بەشدارن، لەگەڵ لایەنی پەیوەندار باس لە گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەمیان دەکەن، دواتر ئێمە پێشنیازەکانیان بۆ سەرووی خۆمان بەرزدەکەینەوە".

سەبارەت بە بەرهەمی هەناردە و هاوردە لەنێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێ شێخ مستەفا عەبدورەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردەو ناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: "بەداخەوە تائێستا لە عێراق بە گشتی کار لەسەر هاوردەکردن کراوە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری پیشەسازی و کشتوکاڵی هەوڵی ئەوە بدرێت بەرهەمی خۆمان هەناردەی دەرەوە بکەین، ئێمە تائێستا بەکاربەرین، بۆ ئەوەی ببین بە بەرهەمێن دەبێ کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ گەشە بکات، ئەمەش دەبێ لە چەند لایەکەوە کاری لەسەر بکرێت، بۆ نموونە رۆتین نەمێنێت، هەروەها دەبێ کارخانەی ستراتیژی دابمەزرێنرێن، تا بەرهەمی خۆماڵی بەرهەم بێنین".