كابینه‌ی نۆیه‌م له خه‌می ژینگه‌دایه
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق
![عه‌بدولڕه‌حمان سدیق، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ی كوردستان](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/Nov-2021/163689526464325425.jpg)
K24 – هه‌ولێر:
ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ی كوردستان له ماوه‌ی كاركردنی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، چالاكانه هه‌وڵه‌كانی خستووه‌ته‌گه‌ڕ له پێناو جێبه‌جێكردنی روانگه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كابینه‌ی نۆیه‌م بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ی كوردستان و به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالێتی هه‌وای شاره‌كانی كوردستان و كه‌مكردنه‌وه و نه‌هێشتنی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی هه‌ڕه‌شه له ژینگه‌ی هه‌وا و خاك و ئاوی كوردستان ده‌كه‌ن.
له ماوه‌ی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌مدا ده‌سته‌كه 2982 مۆڵەت و رێگەپیدانی داوە بۆ پرۆژەکانی (پیشەسازی، پیشەسازی خۆراک، خزمەتگوزاری، نیشتەجێ بوون و بازرگانی و کشتوکاڵی و تەندروستی). هه‌روه‌ها 48 پرۆژە بەهۆی نەبوونی مەرجە ژینگەییەکان رەزامەندییان پێنەدراوە. 971 کەیس رەوانەی دادگاکان کراون و سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە. 145 کەیس سزادراون و پێبژاردنیان بۆ کراوە. 1489 بەڵێننامەش به خاوه‌ن پڕۆژه‌كان پڕكراوه‌ته‌وه.
له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، عه‌بدولڕه‌حمان سدیق، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه‌ی كوردستان له میانی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 رایگه‌یاند، قسه‌كردن له باره‌ی ژینگه و كوالێتی هه‌وای شاره‌كان به گۆتره نابێت و پێنوێنی تایبه‌ت بۆ ئه‌ندازه‌گیری پیسی هه‌وای شاره‌كان هه‌یه.
گوتیشی: له ماوه‌ی دوو ساڵی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كاری گه‌وره له بواری پاراستن و چاككردنی ژینگه كراون و ئێستا هه‌وای شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له ئاستی پهسنددایه و كابینه‌ی نۆیه‌م له رێی ته‌كنۆلۆجیاوه رێگه‌ی له ده‌ردانی گازی هاووهڵ له كێڵگه‌كانی نه‌وت گرتووه و ئه‌مه‌ش كاریگه‌رییه‌كی باشی ده‌بێت له‌سه‌ر پاراستنی هه‌وای كوردستان.
ده‌قی گفتوگۆی بێژه‌ری ژووری هه‌واڵ (كوڤان عیزه‌ت)، له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی پاراستن و چاككردنی ژینگه (عه‌بدولڕه‌حمان سدیق)
پرسیار: مۆڵه‌تتان به ژماره‌یه‌ك پڕۆژه نه‌داوه، بۆچی، هۆكاره‌كان چین؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: به پێی یاسای پاراستن و چاككردنی ژینگه 2008، به پێی ئه‌و یاسایه ده‌بێت رێنمایی هه‌یه، له ناو رێنماییه‌كان، باشترین و به‌ربڵاوترین و فراوانترین رێنمایی ژماره یه‌كی ساڵی 2013یه. له‌و رێنماییهدا بچووكترین پڕۆژه‌ی ئابووری و وه‌به‌رهێنان جا له هه‌ر بوارێكدا بێت، ده‌بێت به چه‌ند فلته‌رێكدا تێپه‌ڕێت. له وه‌به‌رهێنان و شاره‌وانی و كشتوكاڵ تێپه‌ڕێت دێته ژینگه، كه گه‌یشته ژینگه به پێی ئه‌و رێنماییانه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كرێت. به گوێره‌ی رێنماییه‌كان هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك ده‌بێت یه‌ك كیلۆمه‌تر له شه‌قامی سه‌ره‌كی و شوێنی نیشته‌جێبوونه‌وه دوور بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجه نه‌بێت، پڕۆژه‌كه ره‌تده‌كرێته‌وه، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر پڕۆژه‌كه‌ی عهلوهیهك بێت. یان بۆ نموونه پڕۆژه‌ی قیری شل، پێویستی به‌وه‌یه 7 كیلۆمه‌تر له دانیشتوان دوور بێت، ئه‌گه‌ر كه‌متر بێت له‌و ئه‌ندازه‌یه مۆڵه‌تی نادرێتێ و ده‌بێت شوێنه‌كه‌ی بگۆڕێت، چونكه زیان له ته‌ندرووستی ده‌دات.
پرسیار: ئه‌مه بۆ هه‌موو كه‌سێك وه‌ك یه‌كه؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: به‌ڵێ به دڵنیاییه‌وه بۆ هه‌مووان وه‌ك یه‌كه. جا ده‌وترێت فڵان پڕۆژه له فڵان شوێن كراوه، چۆن كراوه، به‌ڵێ كراوه، به‌ڵام به مه‌رجی ژینگه‌یی نه‌كراوه و به نایاسایی كراوه و كاتێك دێته‌وه لامان بۆ مۆڵه‌ت ده‌بێت رێنماییه‌كانی له‌سه‌ر جێبه‌جێ بكرێت.
پرسیار: له ماوه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌مدا، چه‌ند خاوه‌ن پڕۆژه دراونه‌ته دادگا؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: زیاتر له حه‌وت سه‌د خاوه‌ن پڕۆژه دراونه‌ته دادگا، له بهڵێننامهكاندا مه‌رجه‌كان ده‌ستنیشان كراون، له‌وانه یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر دابنرێت، ده‌ستكاری نه‌خشه‌ی بنه‌ڕه‌تی نه‌كرێت و نزیكه‌ی 10 مه‌رجی هه‌یه، له كۆتاییدا به یه‌كه ئیدارییه‌كانی ژینگه ده‌وترێت به‌ڵێننامه‌ی پێ پڕ بكرێته‌وه، ئه‌و به‌ڵێننامه‌یه بۆ جێبه‌جێكردنی مه‌رجه‌كانه و كاتێك یه‌كێك له‌و مه‌رجانه جێبه‌جێ ناكات، ئێمه دۆسییه‌ی دادگای له دژ ده‌كه‌ینه‌وه، یان ده‌یبه‌ینه‌وه یاخود ده‌یدۆڕێنین، بۆ نموونه یاسای ژینگه ده‌ڵێت: وه‌زیر یان رێپێدراوه‌كه‌ی به‌و مه‌رجه‌ی له پله‌ی به‌ڕێوبه‌ری گشتیی كه‌متر نه‌بێت، ده‌توانێت سزایه‌ك بسه‌پێنێت له 150 هه‌زار دیناره‌وه تا 10 ملیۆن دینار، ئێستا به پێی یاسای ژماره‌ی 3ی ساڵی 2010ی ده‌سته‌ی ژینگه، پله‌ی به‌ڕێوبه‌ری گشتیی نه‌ماوه، كاتێك وه‌زیر رێپێدراو ده‌ستنیشان ده‌كات، له رووی یاساییه‌وه ده‌وترێت ئه‌وه به‌ڕێوبه‌ری گشتیی نییه، بۆیه له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانیش باسمان كردووه، مادده‌ی 42ی یاساكه هه‌موار بكرێته‌وه و وه‌زیر و رێپێدراوه‌كه‌ی مافی ئه‌وه‌ی هه‌بێت پێبژاردنه‌كان دیاری بكات.
پرسیار: پێبژاردنه‌كه چییه؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: بۆ نموونه مۆلیده‌یه‌ك گه‌ڕه‌كێكی تووشی ته‌نگه‌نه‌فه‌سی كردووه و سزا دراوون به 10 ملیۆن و 5 ملیۆن و دوو ملیۆن و نیو. ئه‌م سزادانه بڕه‌كه‌ی به گوێره‌ی ئه‌و زیانه دیاری ده‌كرێت، كه به ته‌ندرووستی هاووڵاتیان و پیسكردنی ژینگه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت. له راستییدا بابه‌ته‌كه سزادان نییه، به‌ڵكو ئاشتكردنه‌وه‌ی هاووڵاتییه له‌گه‌ڵ ژینگه‌كه‌ی و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك كاتێك ئه‌مه‌ی زانی ئه‌و سه‌رپێچیانه نه‌كات.
پرسیار: چاودێری پڕۆژه‌كان ده‌كه‌ن؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: له كۆی فه‌رمانگه‌كانی ژینگه لیژنه‌ی پشكنین و به‌دواداچوون هه‌یه و له كاتی پشكنین سه‌یری خاڵ و مه‌رجه‌كان ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی بزانرێت چه‌نده جێبه‌جێ كراون. جا پڕۆژه‌كه هی كه‌رتی گشتیی بێت یان تایبه‌ت. بۆ نموونه وێستگه‌یه‌كی كاره‌با كاتێك گازوایل به‌كارده‌هێنێت نابێت زیان به سرووشت و ژینگه بگه‌یه‌نێت و یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ری بۆ دابنێت. هه‌ر یه‌ك له پڕۆژه‌كان دوای مۆڵه‌ته‌كه‌ی گرفتێكمان بۆ دێته پێش، ئه‌ویش ده‌ستكاریكردنی پلانی سه‌ره‌كی پڕۆژه‌كه‌یه. یه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر دانانێن و مه‌رجه‌كان وه‌ك خۆی جێبه‌جێ ناكه‌ن، بۆ نموونه له‌سه‌ر رووبه‌ری سه‌وزایی %25ه، به‌ڵام كه‌متری ده‌كه‌ن، له‌وه‌شدا هه‌ندێك پڕۆژه هه‌ن سوودیان له بۆشایی 2006 تا 2008 وه‌رگرتووه و بوونه‌ته ئه‌مری واقیع و چاره‌سه‌ریش ئه‌وه‌یه پڕۆژه‌مان هه‌یه به ناوی له بری سه‌وزایی، بۆ نموونه وه‌به‌رهێنه‌رێك رووبه‌ری سه‌وزایی كردووه‌ته بینا، ئه‌و رووبه‌ره ده‌بێت %25ی سه‌وزایی بێت، كاتێك سه‌وزایی نه‌كردووه، ده‌بێت هه‌مان رووبه‌ر جا هه‌رچه‌ند بێت به مه‌تر ده‌بێت بیكاته سه‌وزایی، بۆ نموونه كۆمپانیایه‌ك رووبه‌ری سه‌وزایی كه 20 دۆنمه نه‌یكردووه و خۆی خۆبه‌خشانه 10 دۆنم زیاتر واته 30 دۆنم زه‌وی له ده‌ره‌وه‌ی سلێمانی كرده باخچه و به ناوی پاركی راهێنانه‌وه‌ی ژینگه‌یی كرایه‌وه. كاتێك خاوه‌ن پڕۆژه ئاماده ده‌بێت و زیاتر له رووبه‌ری داواكراوی خۆی پارك درووست ده‌كات ئه‌وه هه‌ستێكی جوانه.
پرسیار: ئایا ژینگه‌ی هه‌رێمی كوردستان مه‌ترسیداره؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: ئێمه پێنوێنی جۆری هه‌وامان هه‌یه، ده‌بێت ئێمه ژماره له خۆمانه‌وه فڕێ نه‌ده‌ین، دوو ساڵه رێكخراوی جی ئای زێتی ئه‌ڵمانی له‌گه‌ڵ كونسوڵخانه‌ی ئه‌ڵمانیا سه‌رقاڵی كاركردنن له‌سه‌ر كوالێتی هه‌وا له دهۆك و هه‌ولێر، ئه‌م هۆكارانه‌ی ئێستا هه‌ن، ئێمه ئه‌گه‌ر پێنوێنهكهمان له 0 تا 19 ده‌رچوو، ئه‌وا ده‌توانین بڵێین هه‌وای ئه‌و شاره نایابه. ئێستا له هه‌ر چوار پارێزگاكه نایابمان نییه، ئێمه ئێستا 20 تا 49مان هه‌یه و به گوێره‌ی ئه‌و پێنوێنه په‌سندن و هه‌وای هه‌ر چوار پارێزگاكه په‌سنده. هه‌ولێر 44ه و سلێمانی 26 و دهۆك 24ه. ئه‌م ژمارانه پێمان ده‌ڵێن: سێ فاكته‌ری سه‌ره‌كی هۆكاری پیسبوونی هه‌وای شارن، ئه‌وانیش: یه‌كه‌میان: ژماره‌ی دانیشتوانه، ژماره‌ی دانیشتوان له ناوه‌ندی شار چه‌ند زیاتر بێت هه‌وای شار كوالێتی كه‌متر ده‌بێت. دووه‌م: ژماره‌ی كارگه‌كان و سێیه‌میش ژماره‌ی ئۆتۆمبێله. كاتێك سه‌یر ده‌كه‌ین ملیۆنێك و 800 هه‌زار ئۆتۆمبێل له مانگی ئابی رابردوو هه‌بووه و ئێستا زیاتر بووه، نزیكه‌ی 900 هه‌زار ئۆتۆمبێل هی هه‌ولێره و ئه‌وانی دیكه هی سلێمانی و دهۆكه.
ئێمه له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ناوخۆ قسه‌مان له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه بچینه‌وه سه‌ر ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی له وڵاتانی دیكه هه‌یه، هه‌ر ئۆتۆمبێلێك مۆدێلی 20 ساڵی به‌سه‌ردا تێپه‌ڕی ده‌بێت له ناوه‌ندی شار دووری بخه‌یته‌وه و ره‌وانه‌ی قه‌زا و ناحییه‌كانی بكه‌یت و دواتریش سیكرابی بكه‌یت. ئێستا ئۆتۆمبێلی نوێ هاورده ده‌كرێت و ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری ئه‌رێنی ده‌بێت.
پرسیار: ئه‌ی له باره‌ی كارگه‌كانه‌وه؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: كاتی خۆی كارگه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی ماسته‌ر پلان بوون و كاتێك شار فراوان بووه، ئه‌و كارگانه كه‌وتوونه‌ته ناو ماسته‌رپلانه‌وه.
پرسیار: ئه‌ی چاره‌سه‌ر چییه؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: كاتی خۆی ده‌وترا دوور بخرێنه‌وه، به‌ڵام ئێستا دوور له ژینگه باوی نه‌ماوه، بۆ نموونه دوور له هه‌ولێر یانی نزیك له قوشته‌په، دوور له پردێ یانی نزیك له كه‌ركووك، ئیتر شتێك نه‌ماوه به ناوی دوور له ژینگه‌دا، واته چاره‌سه‌ر ته‌كنۆلۆجیای نوێیه. ئامانجمان له ژینگه پاراستن و چاككردنییهتی. ئه‌گه‌ر پاكه بیپارێزین و ئه‌گه‌ر خراپه چاكی بكه‌ین، ئینجا ده‌بێت گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌واممان هه‌بێت و پێشكه‌وتن و گه‌شه‌پێدان هه‌بێت.
واته گه‌شه‌پێدانی به‌رده‌وام، ئه‌وه‌یه زیان به نه‌وه‌كانی داهاتوو ناگه‌یه‌نێت. سێ هۆكاریشمان هه‌یه، یه‌كه‌م: هۆشیاركردنه‌وه‌ی ژینگه‌یی و كه‌مكردنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان. دووه‌م: بوونی یاسا و جێبه‌جێكردنی. سێیه‌م: ته‌كنۆلۆجیای نوێ، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و ته‌كنۆلۆجیایه به‌ده‌ستبهێنین، جێگه‌ی زۆر شتمان بۆ ده‌گرێته‌وه.
پرسیار: به‌ده‌ستتان هێناوه؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: ده‌بێت هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ئه‌وه بێت. بۆ نموونه چه‌ند ده‌توانی دره‌خت بچێنیت، رووبهرهكانت تا چه‌ند ده‌مێنێت، ئێستا ئه‌مازۆن گرفتی بۆ درووست بووه، بڕی كاربۆن ئه‌وه‌نده زیادی كردووه، پێویست بوو دره‌خته‌كان وه‌ری بگرن، كاتێك بڕی دوانهئۆكسید زیاتره له‌وه‌ی دره‌خته‌كان وه‌ری بگرن، دره‌خته‌كان ده‌یده‌نه‌وه، واته قسه له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه چۆن ئه‌و ئامێر و ته‌كنۆلۆجیایه به‌ده‌ست بهێنین و هاورده‌ی بكه‌ین، له پێناو پاراستنی ژینگه، كه تا ئێستا به‌شی زۆری ئه‌و ئامێرانه نییه. دوا كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان ئه‌وه بوو، وه‌به‌رهێنانی سه‌وز و ژینگه‌یی بكرێت. پێویسته وه‌به‌رهێنانی ئاینده‌مان ده‌ستپێبكات و ره‌نگه له‌م دوو مانگه‌دا شتی نوێ ببینین.
پرسیار: له كۆڕبه‌ندی گلاسكۆ، كه حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش تێیدا به‌شدار بوو، وڵاتان به‌نیازن تا 2050 ده‌رهاویشته زیانبه‌خشه‌كان كه‌مبكه‌نه‌وه، هه‌رێم و عێراقیش پشتیان به نه‌وت به‌ستووه، چی چاوه‌ڕێی ئه‌م ناوچه‌یه ده‌كات؟
عه‌بدولڕه‌حمان سدیق: دوێنێ رۆژی كۆتایی كۆنگره‌ی گلاسكۆ بوو، ده‌بوایه به‌یاننامه‌ی كۆتایی ده‌رچێت، بۆچی دواكه‌وت، چونكه كاتێك له به‌یاننامه‌ی كۆتایی نووسراوه مه‌رجه ئه‌و سووتهمهنیانهی كه وا سوته‌مه‌نی كلاسیك و نه‌وت و گازن، له 2050 سفر بكرێن، سعوودییه له دژی وه‌ستاوه‌ته‌وه، دووه‌میش چین له دژی وه‌ستاوه‌ته‌وه. ئێستا قسه‌یه‌ك هه‌یه، ئه‌گه‌ر تا 2050 واز له نه‌وت بهێنین، كه ناشتوانین، چونكه سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی خاوێن ئه‌و توانایه‌ی نییه، واته دوو رێگه‌مان له‌به‌رده‌مه، بپه‌ڕینه‌وه بۆ به‌كارهێنانی غاز، بۆچی چاو له نه‌رویج نه‌كه‌ین، كه ده‌ڵێت: ئایا وڵاتانی پێشكه‌وتوو ئێوه له دژی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمای گۆی زه‌وین یان له دژی وڵاتانی به‌رهه‌مهێنی نه‌وتن، چونكه ده‌كرێت نه‌وت ده‌ربهێنرێت و كاربۆنهكه بێ كاریگه‌ر بكرێت.
له خزمه‌ت به‌ڕێز سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان باسم كرد و پڕۆژه‌یه‌كی پیشاندام كه چیدیكه گازی هاوه‌ڵ ناسووتێت له كێڵگه‌كاندا بۆ نموونه له كۆرمۆر، به‌شێكی ده‌خرێته‌وه خواره‌وه بۆ پاراستن و كۆگاكردنی و ئه‌و به‌شه‌شی ده‌رده‌هێنرێت وێستگه‌كانی بهرههمێھنانی كاره‌بای پێ به‌گه‌ڕ ده‌خرێت.