میلیشیاکانی عێراق نیگەرانن

پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کاردانەوەی جیاوازی لێدەکەوێتەوە
ژمارەیەک چەکداری عەسائیب ئەهلولحەق - ئەرشیف
ژمارەیەک چەکداری عەسائیب ئەهلولحەق - ئەرشیف

K24 - هەولێر

پەسندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵی کاردانەوەی جیاوازی میلیشیاکانی لێکەوتەوە.

قەیس خەزعەلی، سەرکردەی میلیشیای عەسائیب ئەهلولحەق دەڵێت "سەرەڕاى زۆرى بەڵگەى یاسایی و هونەرى لەسەر ساختەکاری، بەڵام بەداخەوە دادگاى فیدراڵى تانەى تایبەت بە داواى هەڵوەشاندنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنى رەتکردەوە"، هاوکات پابەندبوونی گرووپەکەی بە بڕیارەکەی دادگاش دووپاتکردەوە.

بزووتنەوەکەی خەزعەلی، بەجیا بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و پێیوایە، دادگای فیدراڵی، رووبەڕووى فشارى ناوخۆیی و دەرەکى بووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق لە بەیاننامەیەکدا، هەریەک لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکای بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی 10ی ئۆکتۆبەری رابردوو تۆمەتبار کرد، بزووتنەوە سیاسییەکەشی "حقوق" رەتیکردەوە بەشداری لە حکومەتی داهاتووی عێراق بکەن.

لەلایەکی دیکە و له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا نووسینگه‌ی تایبه‌تی راگه‌یاندنی هادی عامری، سه‌رۆكی كوتله‌ی هاوپه‌یمانی فه‌تح ئاشکرای کرد، عامری رایگه‌یاند، ئه‌وان پابه‌ندن به‌ بڕیاری په‌سه‌ندكردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدراڵی عێراقه‌وه‌.

رۆژی دووشەممە 27/12/2021، دادگای فیدراڵی عێراق تانەکانی دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و ئەنجامەکانی پەسند کرد.

کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی عێراق - 27/12/2021 - بەغدا
کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی عێراق - 27/12/2021 - بەغدا