له رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زهنگی پیربوونی كۆمهڵگه لێدهدرێت
رێژەی جیابوونەوەی ھاوسەرانیش بۆ %28 بەرزبووەتەوە
K24 - هەولێر
لە ئێران زەنگی مەترسی دابەزینی رێژەی دانیشتووان لێدراوە، لە بەرزترین ئاستدا داوا لە ھاووڵاتییان دەكرێت كە ژیانی ھاوسەرگیری پێكبھێنن و منداڵی زۆرتر بخەنەوە، بۆ ئەوەی ئێران لە مەترسی پیربوون رزگار بكەن، ئەوە لەكاتێكدایە بەپێی ئاماری فەرمی ھاوسەرگیری كردن بەرێژەی %36 كەمیكردووەو رێژەی جیابوونەوەی ھاوسەرانیش بۆ %28 بەرزبووەتەوە.
لە ئێران و رۆژھەڵاتی كوردستان لەگەڵ دابەزینی رێژەی ھاوسەرگیری كردن، رێژەی جیابوونەوەی ھاوسەرەكان بەرز دەبێتەوە، ئامارەكان بەشێوەیەكن كە بەرپرسانی ئێران چیتر نایشارنەوەو ئەوە وەكو قەیرانێكی جیدی سەیر دەكەن. بەپێی داتاکانی ناوەندی ئاماری ئێران دوو ساڵ لەمەوبەر زیاتر لە 840 ھەزار کەس ھاوسەرگیریان کردووە، بەڵام ساڵی رابردوو تەنها 556 ھەزار ھاوسەرگیری تۆماركراون، ئەوەش دەریدەخات كە رێژەی ھاوسەرگیری كردن لە ساڵێكدا بە رێژەی 36% دابەزیوە، ھاووڵاتیانیش دۆخی خراپی ئابووری بەھۆكاری سەرەكی دەزانن.
ھاوژین قادر تاج، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و دەڵێ: "بەهۆی قەیرانی ئابووری و بێکاری، گەنجان ناتوانن هاوسەرگیری بکەن، باوکەکانیش لە دۆخێکی خراپ دان، توانای ئەوەیان نییە هاوکاری کوڕ و کچەکانیان بکەن بۆ هاوسەرگیری".
گرفتەكە ھەر ئەوە نییە، کە ناوەندی ئاماری ئێران ئاشكرای كردووە، بەڵکو لە بەراوردی نێوان دوو ساڵەدا دەركەوتووە كە رێژەی جیابوونەوەی ھاوسەرانیش 28% بەرزبووەتەوە، ئەوەش وایكردووە كە رێژەی لە دایكبوونی منداڵانیش %19 كەم بكات، ھەموو ئەوانە بەھۆی قەیرانی ئابووری و ھاوكات داواكاریی زۆری خێزانەكانی ھەردوولا لە یەكترە.
هاووڵاتییەکی دیکەی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات: "زۆر لە خێزانەکان لەکاتی هاوسەرگیری کوڕ و کچەکانیان، داواکاری زۆریان هەیە، هەزاران گەنجی وەک من ناتوانێت، بەهۆی خراپی دۆخی ئابووری ناتوانن ئەو خەرجیە بکەن".
كەمبوونەوەی رێژەی ھاوسەرگیری کردن و زۆری جیابوونەوەكان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بووەتە ھۆی ئەوەی منداڵی كەمتر لەدایكبن، هاوکات هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی كۆمەڵگەی ئێران بەرەو پیری بڕوات، ئەوەش بەرپرسانی لە بەرزترین ئاستدا ھێناوەتە سەر ھێڵ، تەنانەت رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران داوایكردووە، ھەموو ئاسانكارییەك بۆ بەرزكردنەوەی رێژەی ھاوسەرگیری و ھاندانی خێزانەكان بۆ خستنەوەی منداڵی زیاتر بكەن.