د. حه‌مید كیفائی: دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌نێكدا نییه
"هاوپه‌یمانی سێ قۆڵی پێویستی به كه‌متر له 20 په‌رله‌مانتاره و ده‌بێت هه‌وڵی بۆ بدات"

K24- هه‌ولێر:
د. حه‌مید كیفائی، توێژه‌ری عێراقی و ئه‌كادیمیا و شاره‌زای سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دووپاتیكرده‌وه، ئه‌و ململانێ سیاسییه‌ی له عێراق هه‌یه، له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌نێكدا نییه، له‌باره‌ی په‌كخستنی دانیشتنی په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماری نوێ گوتی: ئه‌گه‌ر په‌رله‌مان نه‌توانێت رێژه‌ی یاسایی بۆ دانیشتنه‌كه‌ی ته‌واو بكات، ئه‌وا پێویسته سه‌رۆك كۆمار و سه‌رۆك وه‌زیران كار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان بكه‌ن و داوای دووباره ئه‌نجامدانه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن بكه‌نه‌وه.
كیفائی له كاتی به‌شداریكردنی له ژووری هه‌واڵی كوردستان24 له‌ڕێگه‌ی سكایپه‌وه له له‌نده‌ن جه‌ختیكرده‌وه، دووباره‌كردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌نێكدا نییه، چونكه ئه‌و لایه‌نانه‌ی ئێستا له پێشه‌وه‌ن، براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانن و هه‌موو هێزه‌كانی دیكه‌ش كه نوێنه‌ریان له په‌رله‌مان هه‌یه، ترسی ئه‌وه‌یان ده‌بێت، كه كورسیی زیاتر له‌ده‌ست بده‌ن، یانیش له‌وانه‌یه پێچه‌وانه‌كه‌ی راست بێت، بۆیه من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه پێویسته بگه‌نه رێككه‌وتن و رێژه‌ی یاسایی دانیشتنی په‌رله‌مان ته‌واو بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرێت و حكومه‌تی نوێ پێكبهێنرێت.
كیفائی گوتیشی: له بری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، پێویسته بیر له رێككه‌وتن بكرێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووه حكومه‌ت پێكبهێنرێت، چونكه ئێستا خه‌ڵكی عێراق پێویستیی به یاسای بودجه‌یه و ئێمه ئێستا پێ ده‌نێینه مانگی 4، كه‌چی تا ئێستا یاسای بودجه‌مان نییه.
ئه‌و توێژه‌ره عێراقییه دووپاتیكرده‌وه، پێویسته كوتله سێقۆڵییه‌كه (پارتی، سه‌درییه‌كان و سیاده) هه‌وڵی زیاتر بده‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زیاتری نوێنه‌رانی سه‌ربه‌خۆ له‌ناو په‌رله‌مان رازی بكه‌ن، تاوه‌كو بتوانن نیسابی یاسایی ته‌واو بكه‌ن، به‌تایبه‌ت كه ئه‌وان ته‌نها پێویستییان به كه‌متر له 20 كه‌س هه‌یه تاكو رێژه‌ی یاسایی ته‌واو بێت و بتوانن سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێرن و حكومه‌ت پێكبهێنن، كه ئه‌مه‌ش ژماره‌یه‌كی گه‌وره نییه و پێویسته هه‌وڵی زیاتری بۆ بدرێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، بۆ یه‌كه‌مجاره كاریگه‌رییه ده‌ره‌كییه‌كان نه‌یانتوانیوه له ده‌ستوه‌ردانه‌كانیان له كاروباری ناوخۆی عێراق سه‌ركه‌وتوو بن، ئه‌مه‌ش شتێكی باشه، چونكه نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئێمه ملكه‌چی لایه‌نێكی وه‌ك ئێران بین، كه تا ئێستاش هیچ ترسێكی نییه و هێرش ده‌كاته سه‌ر هه‌ولێر و به‌رپرسیارێتی خۆشی له‌و هێرشانه رده‌گه‌یه‌نێت، له‌كاتێكدا ئه‌مه پێشێلكارییه‌كی گه‌وره‌ی سه‌روه‌ری خاك و گه‌لی عێراقه.
H.B