کامەران غەریب: سەرۆک وەزیران وەک نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکان سەردانی بەریتانیای کردووە
"مەسرور بارزانی لە ئینستتیوتی چاتام هاوس پەیامەکانی زۆر بە وردی و بە نیشانەشکێنی سەبارەت بە کۆمەڵگەی عێراقی گەیاند"
K24 - هەولێر:
کامەران غەریب چاودێری سیاسی، لەبارەی سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەریتانیا و دەنگدانەوەکانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، مەسرور بارزانی لە ئینستیتیوتی چاتھام ھاوس پەیامەکانی زۆر بە وردی و بە نیشانەشکێنی سەبارەت بە کۆمەڵگەی عێراقی گەیاند.
سەبارەت بە کۆنفیدراڵی لە عێراق، کامەران غەریب گوتی: "لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە ئەو کێشانەی لەم ناوچەیە سەریانهەڵداوە، بەردەوام دووبارە دەبنەوە، ئەم پرسە چەند جارێک لە ناوەندە دیبلۆماسیەکانی جیهاندا خراوەتە سەر مێزی گفتوگۆکان، هەروەها زۆر جار کورد باسی لەو پرسە کردوە بۆ شێوازێکی سەرەتایی تاوەکو سەقامگیریەك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێتە دی، مەسرور بارزانی لە ئینستیتیوتی چاتام هاوس بە کە ناوەندی ئەندێشەی سیاسەتی دەرەوەی بەریتانیا ناوبانگی دەرکردووە، پەیامەکانی زۆر بە وردی و بە نیشانەشکێنی سەبارەت بە کۆمەڵگەی عێراقی و سیاسەتکردن لە عێراقدا گەیاند و هەورەها باسی لەو کێشانە کرد کە لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە تاکو ئێستا بەرۆکی عێراقی گرتووە."
لەبارەی ئەو نیگەرانیانەی هەندێک لایەنی سیاسی ناوخۆ لەسەر سەردانی سەرۆکی حکومەت بۆ بەریتانیا هەیانە، ناوبراو گوتی: "ئەوەی تا ڕادەیەک شارەزایی لە کاروباری دیبلۆماسیدا هەبێت دەزانێت، مەسرور بارزانی وەك سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکان و پارتە سیاسیەکانی گەلی کوردستان دەکات، سەردانی بەریتانیای کردووە، ئەمجۆرە بیرکردنەوەیە، بیرکردنەوەیەکی زۆر ناتەواو و لۆکاڵیە، نەیتوانییووە دەربچێت لە چوارچێوەیەکی ناوخۆیی دواکەوتوو، کە پێی وایە دەبێت هەموو پەیوەندییەکان لەڕێی ئەوەوە بێت و هەموو سەردانەکان پشکی ئەوی تێدا بێت، هەموو ئەو دەستکەوتانەی هەیە بەناوی ئەوەوە تۆمار بکرێت، نەخێر ئەمە دەستکەوتی حکومەتی هەرێمی کوردستانە."