فوئاد حوسێن: هیچ رێككه‌وتنێك بۆ سنووربه‌زاندنی عێراق له‌گه‌ڵ توركیا واژوو نه‌كراوه‌

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، فوئاد حوسێن
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، فوئاد حوسێن

K24 – هه‌ولێر:

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن رایگەیاند، هیچ رێککەوتنێک لەنێوان عێراق و تورکیادا نییە بۆ هاتنەناوەوه‌ی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق.

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، یەک کۆنووس هەیە لە نێوان عێراق و تورکیا، کە ساڵی 1984 لەلایەن تاریق عەزیزی وەزیری ئەوكاتەی دەرەوەی عێراقەوە واژۆ کراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی کۆنووسەکە "تورکیا دەتوانێت تەنیا پێنج کیلۆمەتر بێتە ناو خاکی عێراقەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، بەڵام دەبێت 72 كاتژمێر پێشتر عێراق ئاگادار بکاتەوە و دوای تەواوبوونی 72 كاتژمێرەش بکشێتەوە."

وەزیری دەرەوەی عێراق جەختیکردەوە، كۆنووسەكە تەنیا بۆ ساڵێک نووسراوە و هیچ رێککەوتننامەیەکی دیکە لە نێوان عێراق و تورکیا نییە.

هاوکات جێگری یەکەمی پەرلەمانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند،  تورکیا سوود لە لاوازیی حکومەتی عێراق دەبینێت لە بەردەوامیدان بە هێرشەکانی لەسەر خاکی عێراق.

حاکم زاملی جەختیكردەوە، كە سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان پێشێلكارییه‌ یه‌ك لە‌دوای یه‌كه‌كانی وڵاتانی دراوسێ ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی عێراق و جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان لە میانەی کۆبوونەوەیەکیی راوێژکاریی پەرلەمان و حکومەتدا دێت، سەبارەت هێرشەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر خاکی عێراق.