لەسەر گەشتێکی شکستخواردوو بۆ ئۆکرانیا زیندانی دەکرێت

سەربازی وڵاتێکی دیکەیە و ویستوویەتی بچێتە ریزی سوپای ئۆکرانیاوە

سەربازانی ئۆکرانیا
سەربازانی ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

سەربازێكی هێزی دەریایی سوپای کۆریای باشوور لەسەر هەوڵدان بۆ چوونە ناو ئۆکرانیا بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی، لەکاتی گەڕانەوەی بۆ وڵاتەکەی راستەوخۆ دەستگیر دەکرێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، ئەو پیاوە کۆریە بۆ بەشداریکردن لە جەنگی ئۆکرانیا و شەڕکردن لەپاڵ سوپای ئەو وڵاتە، چووەتە پۆڵەندا و ویستوویەتی لەوێوە بپەڕێتەوە بۆ ناو خاکی ئۆکرانیا، بەڵام لەسەر سنووری نێوان پۆڵەندا – ئۆکرانیا، رێگەی پێنەدراوە بچێتە ئۆکرانیا، هەر بۆیە دواتر گەڕاوەتەوە وڵاتەکەی خۆی.   

هێزی دەریاوانی کۆریای باشوور لەوبارەیەوە رایانگەیاند، "دوای لێکۆڵینەوە و زانینی هۆکاری بەجێهێشتنی ئەرکەکەی، رێکاری یاسایی توند لەدژی دەگرینە بەر."

گەشتکردنی سەربازانی کۆریای باشوور بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی پێشوەختە، کارێکی قەدەغە کراوە و بەجێهێشتنی ئەرکەکەیان بە هەڵاتن هەژمار دەکرێت، کە ئەمەش بەپێی یاسا تاوانە و سزاکەی دەگاتە 10 ساڵ زیندانی کردن.

لە سەرەتای دروستبوونی ناکۆکی و ململانێکان لە ئۆکرانیا، کۆریای باشوور گەشتکردنی هاووڵاتییانی خۆی بۆ وڵاتە وڵاتە قەدەغە کرد.