ماوەی پێنج رۆژە پەکەکه جێگری بهرپرسی مەڵبەندێکی یەکێتییان رفاندووە
"لە کاتی دەسگیرکردنیشیدا چاویان بەستووە"

K24- ههولێر:
پەکەکە ماوەی پێنج رۆژە کادیرێکی باڵای یەکێتیی و متمانە پێکراوێکی دەزگای زانیاری ئەو حزبەی ڕفاندووە و ئازادی نەکردووە.
ماوەی پێنج رۆژە محهمهد شاھ مەڕوان، بەرپرسی پێشوو و کەسی دیاری ناو دەزگای زانیاری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و جێگری ئێستای مەڵبەندی 24ـی راپەڕین دیار نەماوە .
كوردستان24 بەدواداچوونی بۆ پرسی دیار نەمانی ئەو بەرپرسەی یەکێتیی کردووە و دەرکەوتووە پەکەکە دەست بەسەری کردووە و ڕفاندویەتی.
بە پێی بەدواداچوونەکانی كوردستان24 لە بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و دەزگا ئەمنیەکان دەستی کەوتووە، کۆتایی ھەفتەی رابردوو محهمهد شاھ مەڕوان، لەگەڵ کەسێکی نزیکی خۆیان دەچێتەوە گوندی "رەژی کەریان" لە بناری چیای قەندیل کە شوێنی لەدایکبوون و ژیانی باب و باپیرانی بووە، لەوێ سەردانی موڵک و رەزو باخی خۆیانی کردووە، دوای ئازادکردنی ئەو کەسە نزیکەی لەگەڵی بووە، پهكهكه کادیرە باڵاکەی یەکێتیی دەستبەسەر دەکەن و لای خۆیان دەیھێڵنەوە.
به گوێرهی بهدواداچوونهكهی كوردستان24، تا ئێستا یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە ئاستی سەرکردایەتی لەگەڵ پەکەکە لە گفتوگۆدایە تاکو ئەو ناوبراو ئازاد بکەن بەڵام پەکەکە ئامادە نەبووە ئازادی بکات.
محهمهد شاھ مەڕوان جگە لەوەی پێشتر بەرپرسێکی دیاری ناو دەزگای زانیاری بووە، لە کۆنگرەی چواری یەکێتیی کاندید بووە بۆ سەرکردایەتی ئەو حزبە، ناوبراو ئێستا جێگری مەڵبەندی 24ـی راپەڕینی یەکێتییە.

له ئێستادا نەک بۆ گوندنشینانی ئاسایی کە دەیانەوێ بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکیان لە گوندەکانی بناری قەندیل، بەڵکو بۆ بەرپرسانی باڵای حزبەکانیش ئاستەنگ و مەترسی ھەیە.
ھاوینی 2020 مامۆستا محمد گرتکی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەکاتی گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی لە بناری قەندیل لەلایەن پەکەکە رفێنراو دوای ساڵێک و چوار مانگ لە سەرەتای ئەم ساڵ ئازادکرا.
بەو ھۆیەوە بەشێک لە گوندەکانی بناری قەندیل کە پێشتر سەرچاوەی بەرھەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵداریەکان بوو ئێستا بەرەو چۆڵبوون دەچن.