بايدن داوا ده‌كات سامانی بلۆككراوی رووسیا له بانكه‌كانی جیهان به ئۆكرانیا بدرێت
به‌شێك له‌و سامانه هی كه‌سانی نزیكی پوتنه.. ئه‌مڕۆ بایدن گوژمه‌یه‌كی دیكه‌ی هاوكارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ ئۆكرانیا راده‌گه‌یه‌نێت

K24- هه‌ولێر:
كۆشكی سپی پێشنیازی كردووه، سامانی بلۆككراوی ئۆلیگارشه رووسه‌كان له بانكه‌كانی جیهان بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌ی ئۆكرانیا به‌كاربهێندرێن، كه له هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته كه‌وتوونه‌ته‌وه.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كۆشكی سپی رایگه‌یاند، ده‌كرێت ئه‌مه هه‌نگاوێكی رێگه‌پێدراو بێت بۆ قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و زیانانه‌ی به‌هۆی هێرشی رووسیا رووبه‌ڕووی ئۆكرانیا بوونه‌ته‌وه.
ئه‌و پێشنیازه‌ی كۆشكی سپی هه‌نگاوێكی دیكه‌ی سزاكانی رۆژئاوایه بۆ سه‌ر رووسیا و پێشبینی ده‌كرێت ئه‌مڕۆ جۆ بایدن، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا له چوارچێوه‌ی گوژمه‌یه‌كی دیكه‌ی هاوكارییه‌كانیان بۆ كیێڤ به فه‌رمی رابگه‌یه‌نێت.
دوای هێرشی رووسیا بۆ سه‌ر ئۆكرانیا له 24ی مانگی شوباتی ئه‌مساڵه‌وه تا ئێستا، ئه‌مه‌ریكا به بڕی زیاتر له 3 ملیار دۆلار چه‌ك و كه‌لوپه‌لی جه‌نگیی به ئۆكرانیا داوه و كۆشكی سپی هه‌وڵ ده‌دات، له رێگه‌ی كۆنگرێسه‌وه گوژمه‌ی پێویست ته‌رخان بكات، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت ماوه‌ی پێدانی ئه‌و هاوكارییانه به ئۆكرانیا، تا تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ درێژ بكاته‌وه.
سه‌باره‌ت به سزاكانیش، تا ئێستا وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا به بڕی زیاتر له 30 ملیار دۆلاری سامانی رووسیایان بلۆگ كردووه، به گوته‌ی كۆشكی سپی، له‌ناویدا نزیكه‌ی 7 ملیار دۆلار ته‌نها هی ئۆلیگارشه‌كانه و خۆی له كه‌شتی، كاری ته‌كنیكی، زه‌وی و خانووبه‌ره و موڵكه‌كان و فڕۆكه‌ی هێلیكۆپته‌ری جۆراوجۆردا ده‌بینێته‌وه.
هه‌رچی ئه‌مه‌ریكاشه، سزای به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك كه‌شتی و فڕۆكه‌ی رووسیدا سه‌پاندووه، كه نرخه‌كانیان زیاتره له یه‌ك ملیار دۆلار و له كه‌ناراوه‌كانیان رێگه‌ی ده‌رچوونیان لێ گرتووه، وێڕای سه‌دان ملیۆن دۆلاری چینی ده‌سته‌بژێر رووسی (نخبة) له هه‌ژماری بانكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا.
له ماوه‌ی ئه‌م مانگه‌دا، ئیسپانیا له‌سه‌ر داواكاری ئه‌مه‌ریكا رازی بووه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی یه‌ختێكی پێشكه‌وتوو به نرخی 90 ملیۆن دۆلاره و خاوه‌ندارێتییه‌كه‌ی بۆ میلردێری رووسی ڤیكتۆر ڤیكسیلبێرگ ده‌گه‌ڕێته‌وه، كه كه‌سێكی نزیكی ڤلادیمێر پوتنی سه‌رۆكی رووسیایه.
كۆشكی سپی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش داوه، بڕیاره ئه‌مڕۆ بایدن قسه له‌سه‌ر تاوتوێكردنی پشتیوانییكردنی ئه‌و ئۆكرانیانه بكات، كه به‌رگری له وڵاته‌كه‌یان و ئازادییه‌كانیان له دژی جه‌نگی (دڕندانه‌ی) رووسیا ده‌كه‌ن.
H.B