بە تەماشاکردنی پۆڕن لە هۆڵی پەرلەمان تۆمەتبار دەکرێت

لەسەر ئەو تۆمەتە ئەندامێتی لە پارتە سیاسیەکەی هەڵدەپەسێردرێت

پەرلەمانی بەریتانیا
پەرلەمانی بەریتانیا

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی پەرلەمانی بەریتانیا بە تۆمەتی تەماشاکردنی پۆڕنۆگرافی لە هۆڵی پەرلەمان، لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت و ئەندامێتی لە پارتەکەی هەڵدەپەسێردرێت.

گوتەبێژی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی پارێزگاران لە پەرلەمان، کریس هیتۆن-هاریس رایگەیاند، ئەو پەرلەمانتارە تەمەن 65 ساڵە خۆی ئەو لیژنە پەرلەمانییەی ئاگادار کردەوە کە پەیوەستە بە کاروباری پەرلەمانتاران، گوتیشی "ئەندامێتی نیل پاریش لە پارتی پارێزگاران هەڵپەسێردراوە و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکەین."

دوای ئەوەی پەرلەمانتارێک تۆمەتبار کرا بە تەماشاکردنی پۆڕنۆگرافی لە مۆبایلەکیەوە لەناو هۆڵی پەرلەمان، پارتی پارێزگاران کە بۆریس جۆنسن سەرۆکایەتی دەکات، لێکۆڵینەوەی لە بابەتەکە دەستپێکرد، بەڵام ناوی پەرلەمانتارەکەیان ئاشکرا نەکرد.

نیل پاریش (65 ساڵ)، ئەندامی پەرلەمانی بەریتانیا کە لە بوارەکانی ژینگە و خواردن و لیژنەی کاروباری لادێکان کار دەکات، رایگەیاند، دوای تۆمەتەکانی ئەم دواییەی ناو پەرلەمان کە باسیان لە بەکارهێنانی مۆبایل دەکرد لە لەلایەن پەرلەمانتارێکەوە، خۆم لیژنەی پەرلەمانم لە بابەتەکە ئاگادار کردەوە."

نیل پاریش
نیل پاریش

نیل گوتیشی: "من بە تەواوی لە لێکۆڵینەوەکاندا هاوکار دەبم و لە رۆڵی خۆم وەک ئەندام پەرلەمان بەردەوام دەبم."

لەلایەکی دیکەوە، هاریێت هارمان، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی کرێکاران داوای لە نیل پاریش کرد، ئەگەر ئەو بەڕاستی تاوانبارە، نامەی دەستلەکارکێشانەوە پێشکەش بکات.

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردووش "سەندەی تایمز" ئاشکرای کرد کە سێ وەزیری ئۆپۆزسیۆن و دوو پەرلەمانتار لە ئێستادا ڕووبەڕووی تۆمەتی "ڕەفتاری خراپی سێکسی دەبنەوە" کە دەستەواژەیەکە دەستدرێژی و گێچەڵی سێکسی دەگرێتەوە.