بەرپرسێک بەهۆی هێرشکردنە سەر پەرلەمانتارێک دەستگیرکرا
"هەوڵی تیرۆر کردنیان داوە"
K24 - هەولێر
بەرپرسێکی ئیداری لە باشووری عێراق لەسەر پەلاماردانی پەرلەمانتارێک دەستگیرکرا.
پۆلیسی پارێزگای دیوانیەی باشووری عێراق لەسەر داوایەکی یاسایی سەرۆکی کوتلەی ئیمتداد بە بڕیاری دادوەر، بەڕێوەبەری شارەدێی شافعیەی دەستگیرکرد.
سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند "ئەو بەرپرسە ئیدارییە لەسەر ئەوە دەستگیرکراوە، رۆژی چوارشەممەی رابردوو پیاوەکانی پەلاماری محەمەد نوری سەرۆکی کوتلەی ئیمتدادی پەرلەمانی عێراقیان داوە و برینداریان کردووە".
پێشتریش کوتلە ئیمتداد لە پەرلەمانی عێراق لە راگەیەندراوێکی بڵاوکردبووەوە، سەرۆکی کوتلەکەیان لەو کاتەی لە ئەرکی چاودێری دابووە لەلایەن چەند کەسێکی سەر بە بەڕێوەبەری شارەدێی شافعیە بە چەک پەلاماریانداوە و هەوڵی تیرۆرکردنیان داوە.