هۆشداری لە روودانی کارەساتی ئەتۆمی دەدرێت

"مەترسییەکە هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر جیهان"
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا
وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا

K24 - هەولێر:

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم هۆشداری دەدات لە روودانی کارەسات لە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا، رووسیا و ئۆکرانیاش یەکدی بەهێرشکردنە سەر وێستەگەکە تۆمەتبار دەکەن.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لەبارەی هێرشکردنە سەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا لە ئۆکرانیا رایگەیاند، مەترسییەکە هەڕەشەیەکی راستەقینەیە بۆ سەر ئۆکرانیا و جیهان.

کیێڤ و مۆسکۆ یەکدی بەهێرشکردنە سەر وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژیا تۆمەتبار دەکەن، کە گەورەترین زۆنی ئەتۆمی ئەوروپایە.

بەهۆی هێرشەکەوە ریئاکتۆرێکی ئەتۆمی وەستاوە، ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ سێ کەشتی دانەوێڵە لە ئۆکرانیاوە بەرەو بەندەرەکانی وڵاتان بەڕێکەوتن، ئەمەش بەپێی رێککەوتنێک بۆ رێگریکردن لە کەمیی خۆراک لە جیهاندا.

ئێنێرگۆئەتۆم، کۆمپانیای وزەی ئەتۆمیی حکومەتی ئۆکرانیا رایگەیاند، دوێنێ هەینی سێجار هێرشکراوەتە سەر ئەو ناوچەیەی وێستەگەکەی تێدا دامەزراوە، لە نزیک یەکێک لە پاوەر بلۆکەکان کە ریاکتۆری ئەتۆمی لێیە، کۆمپانیاکە گوتیشی: مەترسی دزەکردنی هایدرۆجین، تیشكدانەوە و ئاگرکەوتنەوەکە زۆرە.

هێزەکانی رووسیا له‌ رۆژانی سه‌ره‌تای ئۆپەراسیۆنەکەیانەوە،‌ وێستگەی ئه‌تۆمی زاپۆریژژیایان له‌ باشووری ئۆکرانیادا کۆنترۆڵکرد، ئەمڕۆش مۆسکۆ هێزەکانی ئۆکرانیای بە ئامانجگرتنی ئەو وێستگە ئەتۆمییە تۆمەتبار کردووە.