ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران به‌ڵێن ده‌ده‌ن نه‌رمی به‌رامبه‌ر به خۆپیشانده‌ران نه‌نوێنن

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران رایگه‌یاند، نه‌رمی له‌گه‌ڵ خۆپیشانده‌ران نانوێنن.
ئه‌م وتانه‌ی ئه‌و به‌رپرسه باڵایه‌ی ئێران له دوای نۆ رۆژ له خۆپیشاندانه‌كان دێت، كه له ئاكامیاندا تا ئێستا 41 كه‌س كوژراون.
سه‌رۆكی كۆماری ئیسلامی ئێران، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه فه‌رمانی به ده‌سه‌ڵاتی راپه‌ڕاندن كرد، "عه‌زمیان جه‌زم بكه‌ن و به توندی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه بكه‌ن، كه ئاسایشی گشتیی و سه‌قامگیری وڵات ده‌خه‌نه مه‌ترسییه‌وه".
سه‌رۆكی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران، غولام حسێن موحسنی، رایگه‌یاند، پێویسته مامه‌ڵه‌ی توند و بێ هیچ نه‌رمی نواندنێك له‌گه‌ڵ ئه‌وانه بكرێت، كه دنه‌ی "كرده‌وه‌ی ئاژاوه‌گێڕی" ده‌ده‌ن.
جگه له ناوخۆی ئێران، له ژماره‌یه‌ك وڵاتی دیكه خۆپیشاندانی پشتیوانی بۆ خه‌ڵكی ئێران رێكخرا، له‌وانه: عێراق، كه‌نه‌دا، چیلی، فه‌ره‌نسا، به‌لجیكا، هۆڵندا و ئه‌مه‌ریكا.
رۆژی 16ی ئهیلوول/ سێپتێمبه‌ری، دوای سێ رۆژ له ده‌ستگیركردنی، به تۆمه‌تی نه‌پۆشینی جلوبه‌رگی دانپێدانراوی ئێران و سه‌رپێچی له یاساكانی كۆماری ئیسلامی، مه‌هسا ئه‌مینی (ژینا) گیانی سپارد و ئه‌مه بووه هۆی سه‌رهه‌ڵدانی خۆپیشاندانه‌كان له ئێران‌دا.
له دوای خۆپیشاندانه‌كانی (تشرینی دووه‌م/ نۆڤه‌مبه‌ری 2019)، كه به هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین سه‌ریان هه‌ڵدا و بوونه هۆی كوژرانی 230 كه‌س به گوێره‌ی ئاماری فه‌رمی كۆماری ئیسلامی ئێران.
له هه‌ندێك ناوچه‌ی ئێران، هێزه ئه‌منییه‌كان به چه‌ك رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران بوونه‌ته‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له خۆرهه‌ڵاتی كوردستان رووده‌دات.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ره‌تیده‌كه‌نه‌وه، به هیچ شێوه‌یه‌ك تێوه‌گلابن له گیانله‌ده‌ستدانی مه‌هسای 22 ساڵه، به‌ڵام ئێرانییه ناڕازییه‌كان ده‌سه‌ڵاتداران به ئه‌شكه‌نجه‌دانی مه‌هسا تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران، حسێن ئه‌میر عه‌بدوڵڵاهیان، رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكا به‌رپرسیاره له‌و ره‌وشه‌ی هاتووه‌ته ئاراوه، وتیشی: ئه‌مه‌ریكا ده‌ستوه‌ردان له كاروباری ناوخۆی ئێران ده‌كات و به شێوه‌یه‌كی ههراسانكارانه پشتیوانی گێره‌شێوێنه‌كان ده‌كات و دنه‌یان ده‌دات.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه باڵیۆزی به‌ریتانیای له تاران بانگ كرد و پێی راگه‌یاند، كه‌ناڵه فارسی زمانه نه‌یاره‌كان، كه له له‌نده‌نه‌وه ئاراسته ده‌كرێت هانی كرده‌ی گێره‌شێوێنی ده‌ده‌ن.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌ته‌كه باڵیۆزی نه‌رویجی بانگ كرد بۆ ئه‌وه‌ی له باره‌ی لێدوانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی نه‌رویجی سه‌باره‌ت به خۆپیشاندانه‌كان یادداشتی ناڕه‌زایی بداتێ.
هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، وه‌زیری ناوخۆی ئێران، ئه‌حمه‌د وه‌حیدی، رایگه‌یاند، پێشبینی ده‌كات، ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری به خێرایی راوه‌دووی پیلانداڕێژه‌ر و جێبه‌جێكاره سه‌ره‌كییه‌كانی كرده‌ی ئاژاوه‌گێڕی بنێت.
هاوكات پۆلیسی ئێران رایگه‌یاندووه، تا ئێستا 700 كه‌سیان له چالاكانی ناو خۆپیشاندانه‌كان ده‌ستگیركردووه.
ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ده‌ڵێن: تا ئێستا 41 كه‌س كوژراون، به‌ڵام رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤ له ئێران، كه نووسینگه‌ی له ئۆسلۆیه، رایگه‌یاند، تا ئێستا به‌لانی كه‌م 54 كه‌س كوژراون.
هه‌روه‌ها لیژنه‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نووسان، كه نووسینگه‌ی له ئه‌مه‌ریكایه رایگه‌یاند، تا ئێستا 17 رۆژنامه‌نووس ده‌ستگیركراون.
له دوو رۆژی رابردوودا، لایه‌نگرانی كۆماری ئیسلامی به هه‌مان شێوه‌ی نه‌یارانی سیستمه‌كه هاتنه سه‌ر شه‌قام و پشتیوانیان بۆ كۆماره‌كه‌یان ده‌ربڕی.
نه‌فیسه‌ی 28 ساڵ، یه‌كێك بوو له لایه‌نگرانی حكومه‌ت و رایگه‌یاند، پێویسته سنوورێك بۆ ئاژاوه‌گێڕان دابنرێت، چونكه ئه‌و كرده‌وانه زیان به وڵات ده‌گه‌یه‌نن و شه‌هیدانی كۆماری ئیسلامی له پێناو حیجابدا گیانیان به‌خت كرد.
عه‌تیه‌ی 21 ساڵ، خوێندكاری زانكۆیه و له لێدوانێكدا رایگه‌یاند، داماڵینی حیجاب واته به‌زاندنی ده‌ستووری كۆماری ئیسلامی ئێران.
سه‌رچاوه: AFP