كۆمهڵه: كۆماری ئیسلامی وانەی له رابردوو وەرنەگرتووه
K24 – ههولێر:
راگهیاندنی کۆمیتهی ناوهندیی کۆمهڵه (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)، راگهیهندراوێكی له بارهی هێرشی مووشهكی و بۆردومانی بارهگای لایهنه سیاسییهكانی رۆژههڵاتی كوردستان بڵاوكردهوه.
له راگهیهندراوهكهدا، هاتووه: "رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە توانایدا نییە راپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران خامۆش بکات، هەربۆیە بە ئامانجی لادانی سەرنج لەسەر دیمەنی شکۆداری ئاخێزی خەڵک لە شەقامەکانی کوردستان و ئێران و راکێشانی سەرنجەکان بەرەو دەرەوەی سنوورەکان، لە کاتژمێر ١٠ و ٣٠ی خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی رەزبەر، بنکە و بارەگای لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی، لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا، کردە ئامانجی هێرشی مووشەکی و پەهبادی".
ههروهها هاتووه: "کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەندینجار کردەوەی تیرۆریستی و هێرشی مووشەکی و تۆپبارانی لە دژی حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن و خەڵکی ئاسایی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە. هەر جارە و ئەم جۆرە کردەوانەی رێژیم رووبەڕووی کاردانەوەی خەڵکی کوردستانی ئێران و رق و بێزاری خەڵکی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە".
له بهشێكی دیكهی راگهیهندراوهكهدا هاتووه: "سەرەڕای هەموو ئەمانه، كۆماری ئیسلامی وانەی له رابردوو وەرنەگرتووه و نەیتوانیوه بڵێسەی راپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كوردستان و ئێران خامۆش بکات، جارێكی تر ئەم سیاسەته شكستخواردووەی دووباره كردووهتەوه" .
دهقی راگهیهندراوهكه:
ڕاگهیاندنی کۆمیتهی ناوهندیی کۆمهڵه سەبارەت بە مهحکووم کردنی هێرشهکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سهر بنکە و بارهگای حیزبه سیاسییهکانی کوردستانی ئێران له ههرێمی کوردستان
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە توانایدا نییە ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران خامۆش بکات، هەربۆیە بە ئامانجی لادانی سەرنج لەسەر دیمەنی شکۆداری ئاخێزی خەڵک لە شەقامەکانی کوردستان و ئێران و ڕاکێشانی سەرنجەکان بەرەو دەرەوەی سنوورەکان، لە کاتژمێر ١٠ و ٣٠ی خولەکی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٦ی ڕەزبەر، بنکە و بارەگای لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانی، لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستاندا، کردە ئامانجی هێرشی مووشەکی و پەهبادی.
لەم هێرشانەدا مقەڕەکانی ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ڕێکخراوی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان، کراونەتە ئامانج. بەپێی دوایین هەواڵەکان لەم هێرشانەدا ٩ کەس کوژراون و چەندین کەسێکی دیکەش برینداربوون. ئێمە بە تووندی ئیدانەی ئەم هێرشە تاوانکاریانە دەکەین کە مەترسییەکانیان زیاتر ئاراستەی خەڵکی ئاسایی و بە تایبەت ئەو منداڵان و بەساڵاچووانەی کە لە دەوروبەری ئەو دامەزراوانە دەژین.
کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار کردەوەی تیرۆریستی و هێرشی مووشەکی و تۆپبارانی لە دژی حیزبەکانی ئۆپۆزسیۆن و خەڵکی ئاسایی هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە. هەر جارە و ئەم جۆرە کردەوانەی ڕێژیم ڕووبەڕووی کاردانەوەی خەڵکی کوردستانی ئێران و ڕق و بێزاری خەڵکی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەمانه، كۆماری ئیسلامی وانەی له ڕابردوو وەرنەگرتووه و نەیتوانیوه بڵێسەی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی خەڵكی كوردستان و ئێران خامۆش بکات، جارێكی تر ئەم سیاسەته شكستخواردووەی دووباره كردۆتەوه.
ئێمە دڵنیاین کە ئەو شەپۆلە بەرینەی دوای کوشتنی ژینای جوانەمەرگ لە کوردستانەوە کەوتەڕێ و تەواوی ئێرانی گرتەوە، بەم هەوڵە لاواز و بێ ئاکامانە دانامرکێتەوە. بێ گومان كۆماری ئیسلامی وڵامی ئهم جینایهتانهی، بە هەرچی زیاتر جهماوهڕی بوونەوە و بەرزتر بوونەوەی هاواری ئازادیخوازانەی خهڵك وەردهگرێتهوه.
کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
٦ی ڕەزبەری ١٤٠١ی هەتاویی
٢٨ی سێپتامبری ٢٠٢٢ی زایینی