پارتی: کوشتنی ژن و منداڵی بێتاوان کردارێکی تاوانکاری دژ بە مرۆڤایەتییە و ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت

لۆگۆی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان
لۆگۆی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌ باره‌ی هێرشی مووشه‌كی و درۆنی ئێران بۆ سه‌ر باره‌گای لایه‌نه‌ رۆژهه‌ڵاتییه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا، كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ كوردستان24 نێردراوه‌، هاتووه‌: پەلامار و بۆردومانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی پێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هاوکات کوشتنی ژن و منداڵی بێتاوان کردارێکی تاوانکاری دژ بە مرۆڤایەتییە و ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم پەلامار و بۆردومانکردنانە ئیدانە دەکەین و بە ڕێزنەگرتنی بنەماکانی دراوسێیەتی و دۆستایەتی دەزانین و، پێویستە کۆتاییان پێ بھێنرێ.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

راگەیاندراوێک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە

پەلامار و بۆردومانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ھەرێمی کوردستان لە ھەردوو پارێزگای ھەولێر و سلێمانی پێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقە، هاوکات کوشتنی ژن و منداڵی بێتاوان کردارێکی تاوانکاری دژ بە مرۆڤایەتییە و ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت،

ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم پەلامار و بۆردومانکردنانە ئیدانە دەکەین و بە ڕێزنەگرتنی بنەماکانی دراوسێیەتی و دۆستایەتی دەزانین و، پێویستە کۆتاییان پێ بھێنرێ و چیتر ھەرێمی کوردستان نەکرێتە گۆڕەپانی ململانێ و یەکلایی کردنەوەی کێشە و گرفتە ناوخۆییەکانیان کە پەیوەندییان بە ھاووڵاتیانی خۆڕاگری ھەرێمی کوردستانەوە نییە.

کێشە و گرفتەکان بە خوڵقاندنی ئاڵۆزی لە دەرەوەی سنوورەکان چارەسەر ناکرێن بەڵکو باشترین رێگای چارەسەرکردن گفتوگۆ و یەکتر قبوڵکردنە بە ھەبوونی جیاوازیەکانیشەوە.

لە کۆتاییدا خەمباری و نیگەرانی خۆمان دەردەبڕین بەرامبەر ھەموو ئەو زیانە گیانی و مادییانەی بەر دانیشتوانی ئەو دەڤەرانە کەوتوون.

مەکتەبی سیاسی

پارتی دیموکراتی کوردستان

٢٨ـی٩ـی٢٠٢٢