کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر: ناتوانین دڵنیایی بدەین هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان کۆتاییان هاتووە
K24 - سلێمانی:
کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر رایگەیاند، حکومەتی ئەمەریکا ناتوانێت هیچ دڵنیاییەک بدات کە ئەو هێرشانە کۆتاییان هاتووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (29-9-2022)، کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر هۆشدارییەکی ئەمنی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاندووە، بەردەوامن لە وەرگرتنی راپۆرتی میدیایی لە سەرچاوە ئاشکرا و کراوەکانەوە لەسەر هێرشی بەردەوامی فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکی لەلایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ سەر قەوارە کوردییەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان.
جەختیشیکردووەتەوە: "حکومەتی ئەمەریکا ناتوانێت هیچ دڵنیاییەک بدات کە ئەو هێرشانە کۆتاییان هاتووە".
کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر دەشڵێت، رێنمایی گەشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ عێراق لە ئاستی پلە چوار دەمێنێتەوە کە دەڵێت: گەشت مەکەن بۆ ئەو ناوچەیە بەهۆی بوونی تیرۆر، رفاندن، ململانێی چەکداری، نا ئارامی مەدەنی و توانای سنورداری عێراق بۆ پێشکەشکردنی پشتیووانی بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی.
داواشی لە هاووڵاتیانی ئەمەریکی کردووە لەم شوێنانە دووربکەونەوە:
- لە ناوچە بە ئامانج گیراوەکان: پردێ، کۆیە، زڕگوێز.
- لە ناوچە سنوورییەکان کە ململانێیان تێدایە.
- ووریابوون کاتێک لە دەووروبەری گردبوونەوە و خۆپێشاندانە گەورەکان دەبیت
- خۆت بەدووربگرە لەسەرنجڕاکێشانی ئەوانی دیکە بۆ لای خۆت
- مۆبایل هەڵگرە و لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بە هێڵی فریاکەوتنی کونسوڵخانەوە بکە.
- چاودێری میدیای ناوخۆیی بکە بۆ ئاگاداربوون لە دواین زانیارییەکان.