زیاتر لە 10 کەس لەژێر باڵەخانە رووخاوەکەی بەغدا گیریان خواردووە

دیمەنی باڵەخانەکە دوای داڕوخانی - فۆتۆ: ماهیر شنگالی
دیمەنی باڵەخانەکە دوای داڕوخانی - فۆتۆ: ماهیر شنگالی

K24 – بەغدا

ئەمڕۆ باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون لە گۆڕەپانی واسیق لە ناوچەی کەرادەی بەغدا داڕوخا. بەگوێرەی دوایین ئامار تائێستا زیاتر لە 10 کەس لەژێر باڵەخانەکەدا گیریان خواردووە.

ماهیر شنگالی پەیامنێری کوردستان24، لە شوێنی رووداوەکە لە بەغدا رایگەیاند، تائێستا 13 کەس لەژێر باڵەخانەکە رزگارکراون و زیاتر لە 10 کەسی دیکەش لەژێر باڵەخانەکەدا ماون، تیمەکانی بەرگری شارستانی لە هەوڵدان بۆ رزگارکردنیان.

گوتیشی: "بەپێی زانیارییەکان سەرجەم ئەو کەسانەی لەژێر باڵەخانەکەدا ماون گیانیان لەدەستداوە، بەڵام تا تەرمەکانیان نەدۆزرێتەوە ئەوە پشتڕاست ناکرێتەوە".

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەشکرد، باڵەخانە رووخاوەکە چوار نهۆم بوو، بەشێکی سەنتەر و تاقیگەی پزیشکی بووە.

Fly Erbil Advertisment