رێککەوتنی کوردستان24 و جەزیرە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە
K24 - هەولێر
دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 و پەیمانگەی جەزیرە بۆ راگەیاندن، رێککەوتنێکیان واژۆ کردووە و لەم مانگەدا رێککەتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تیمێکی جەزیرە دێنە ئۆفیسی سەرەکی کوردستان24 لە هەولێر.
عەبدولحەمید زێباری، بەرپرسی بەشی پلاندانان لە دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 لەبارەی گرنگی رێککەوتننامەکە دەڵێت: "ئەو رێککەوتنە گرنگە و هەموو کارمەندانی کوردستان24 سوودی لێدەبینن، ئەو بیرۆکەیە دوای دەستبەکاربوونی ئەحمەد زاوێتی وەک بەڕێوەبەری گشتی کوردستان24 هاتە ئاراوە، بۆ پەرەپێدانی بە کاری میدیایی کوردستان24، لەوکاتەوە زۆر پشنیاز کران، دواتر تۆڕی میدیای جەزیرە هەڵبژێرا، ئەوان پەیمانگایەکیان هەیە بەناوی پەیمانگای جەزیرە بۆ پەرەپێدان، کە وەک راوێژکارییە بۆ کەناڵەکانی دەرەوەی قەتەر، کەناڵەکان دەتوانن سوودی لێ ببینن، جەزیرە رێککەوتنی لەگەڵ کەناڵەکانی زۆر وڵاتی دیکەش کردووە و ئەزموونی باشیان لەو بوارە هەیە".
گوتیشی: "رێککەوتنی کوردستان24 و جەزیرە دوای ئەوە هات تیمێکی کەناڵی جەزیرە هاتنە کوردستان24 و ماوەیەک لێرە مانەوە و لێکۆڵینەوەیان لەسەر کوردستان24 کرد".
راشیگەیاند: "لە ئایندەیەکی نزیکدا رێککەوتنی کوردستان24 و جەزیرە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە تیمێکی جەزیرە دێنە کوردستان24 و ماوەی شەش مانگ دەمێننەوە، بەشێوەی تیۆری و پراکتیکی لەگەڵ کارمەندەکانمان دەبن".
عەبدولحەمید زێباری، ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو تیمە زیاتر تەرکیزیان لەسەر ژووری هەواڵی کوردستان24 دەبێت وەک پەرەپێدانی پەیامنێران، هەروەها پێشخستنی سۆشیال میدیا، چونکە ئێستا جەزیرە خۆی بۆ قۆناغێکی دیکەی کارکردن لە سۆشیال میدیا ئامادە دەکات، ئەم رێککەوتنە هەموو بوارەکان دەگرێتەوە".
روونیکردەوە: "قۆناغی یەکەمی کارکردن لەسەر رێککەوتنەکە شەش مانگ دەبێت، ئەو تیمەی جەزیرە کە دێنە کوردستان24 پسپۆڕی جیاوازیان هەیە لەسەر هەموو بوارەکانی کاری میدیایی، جەزیرە بە ئێمەی گوتووە، هەر کادیرێک ئێوە پێتان باشە دەتوانن داوا بکەن، دەتوانن بێنە کوردستان24 و لەگەڵ کارمەندەکان بن".
بەرپرسی بەشی پلاندانی کوردستان24، گوتی: "ئێستا کوردستان24 بەرەو قۆناغێکی نوێ هەنگاو دەنێت، واژۆکردن لەگەڵ کەناڵی جەزیرە دەستپێکی ئەو هەنگاوەیە".
رۆژی 27/9/2022، له دهوحهی پایتهختی قهتهر، دامهزراوهی كوردستان24 رێککەوتنێکی لهگهڵ پهیمانگهی ئهلجهزیره بۆ راگەیاندن واژۆ کرد.