ئەمڕۆ ئەنجامی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان رادەگەیەندرێت

K24 - هەولێر:
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە 12ـی تشرینی یەکەمی 2022، کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، ئەنجامى وەرگرتنى دەرچووانى پۆلى دوانزەى ئامادەیی لە زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان رادەگەیەنرێت".
ئاماژە بەوەشدرا، هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، تەواوى وردەکارییەکانى وەرگرتنى دەرچووان لە زانکۆ و پەیمانگەکان و ژمارەى پێشکەشکاران و وەرگیراوان بە شێوازە جیاجیاکان رادەگەیەنرێت.
هەروەها دواى راگەیاندنى ئەنجامەکانیش، دەرچووان دەتوانن ئەنجامی شوێنى وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان وەربگرنەوە.
بەستەری زانکۆلاین تایبەت بە وەرگرتنەوەی ئەنجامەکان.
رۆژی 18ـی ئەیلوولی 2022، سیستەمی زانکۆلاین بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان کارا کرا و، ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا لەوبارەیەوە رایگەیاندبوو، لە سەدا 100ی ئەو قوتابیانەی لە رێگەی زانکۆ لاینەوە فۆرم بۆ چوونە زانکۆ و پەیمانگاکان پڕدەکەنەوە، لە زانکۆ و پەیمانگاکان وەردەگیرێن.
لە سیستەمی زانكۆ لاین قوتابییانی دەرچووی قۆناغی 12 دەتوانن لەرێگەی مۆبایلەوە بە ئاسانی لەگەڵ هەنگاوەكانی سیستەمەکەدا بڕوات و فۆڕمی قبوڵکردن پڕ بکاتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەیە تا پەنا نەبرێتە بەر سەنتەرەكانی پڕكردنەوەی ئەو فۆڕمە و قوتابی تووشی هەڵە پڕكردنەوە نەبێت.
بە گوتەی خاتوو ئارام ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناوەندی وەرگرتن، بۆ ئەم ساڵ بە پێی داتای وەزارەتى پەروەردە، 38 هەزار و 736 قوتابی هاتوونەتە نێو سیستەمى بۆ زانكۆلاین کە 26 هەزار و 9 قوتابیان لە بەشی زانستی و 12 هەزار و 714 قوتابیان لە بەشی وێژەین. كەواتە جگە لەوانەی ساڵانی ڕابردووش ماونەتەوە سەرەڕای ئەوانەش هەردوو بەشی پیشەیی و ئیسلامی دێنە سەر ژمارەی قوتابیانی کە هەزار و 70 قوتابی بەشی پیشەیی و 80 قوتابی بەشی ئیسلامین، كەواتە كۆی دەرچووان 39 هەزار و 873 قوتابییە لە هەرێمى کوردستان، بەڵام قوتابیانی پیشەیی و ئیسلامی ناخرێنە نێو سیستهمى وانکۆلاین، بهڵكوو هەر لە ڕێگەی فۆڕمێك دەبێت کە وەزارەتی پەروەردە پێشكەشی قوتابخانەكانی دەكات.