لە تەواوی زانکۆ و قوتابخانەکانی پارێزگای سنە پشوو راگەیەندرا

ئەمڕۆ چلەی ماتەمینی ژینا ئەمینییە
بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی
بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی

K24 – هەولێر

هاوکات لەگەڵ چلەی ژینا ئەمینی، لە تەواوی زانکۆ و قوتابخانەکانی پارێزگاری سنە پشوو راگەیەندرا و هۆکارەکەشی بۆ گرتنەبەری رێکار و خۆپارێزی لە کۆرۆنا بڵاوکرایەوە.

بەڕێوەبەرایەتی پەیوەندییەکانی پارێزگای سنە بڵاویکردەوە، رۆژی چوارشەممە (26ـی تشرینی یەکەم) لە تەواوی قوتابخانە و زانکۆکانی پارێزگای سنە پشوویە. بڕیارێکی هاوشێوە لە پارێزگای ئەردەبیلیش دراوە.

ئەمڕۆ، چلەمین رۆژی بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینییە لە گۆڕستانی ئایچیی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەندین گرووپی ناوخۆیی لە ئێران، داوایان کردووە لەو رۆژەدا خۆپێشاندان بکرێت.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی دەنگوباسی ئیرنا، رۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا و لەسەر زاری بنەماڵەی ژینا ئەمینی بڵاویکردەوە، "هیچ رێوڕەسمێک بەم بۆنەیەوە بەڕێوەناچێت".

لە بەیاننامەی بنەماڵەی ژیان ئەمینیدا هاتووە: بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخ و پێشگرتن لە هەر جۆرە رووداوێکی ناخۆش، لە چلەی ژینای خۆشەویستمان هیچ رێوڕەسمێک ناکەین.

ئەوە لەلایەن رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رەتدەکرێتەوە و باس لە گوشار بۆ سەر بنەماڵەی ژینا ئەمینی دەکرێت. هەنگاو بڵاویکردووەتەوە، "بنەماڵەی ژینا بەیاننامەکەیان لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکان نووسیوە، تەنانەت ئەشکان ئەمینی برای ژینا، هەڕەشەی دەستگیرکردنی لێکراوە".