هەڤاڵ ئەبوبەکر: هەمووان یەکڕیز و یەکدەستبوون بۆ بەهاناوەچوونی کارەساتەکەی سلێمانی

"سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە هاوخەمییان بۆ ئەم رووداوە دەربڕی"

.
.

K24 - سلێمانی

لە رێورەسمی بەخاکپساردنی ئەندامانی ئەو خێزانەی کە لەرووداوەکەی سلێمانیدا گیانیان لەدەستدا، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، هەمووان لە کارەساتەدا یەک دەستبوون و هاوکاربوون بۆ بەهاناوەچوونی رووداوەکە.

لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەندامانی ئەو خێزانەی لە تەقینەوەی ماڵەکەی گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی روویدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند "لە یەکەم ساتی ئەم رووداوەوە هەتا ئێستا لە هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوخەمی و پرسە و پشتیوانیان بۆ دەربڕیوین، سوپاسیان دەکەین کە ئامادەبوون بۆ بەشداریکردنی ئەم ماتەمە".

هەروەها سوپاسی خەڵکی سلێمانی کرد، کە یەکدەنگ و یەکدەستبوون بۆ بەدەمەوە چوونی ئەو کارەساتەی تووشی خێزان بوو بەهۆی لێچوونی غاز و تەقینەوەی ماڵەکەیانەوە، پرسەی ئەو 15 کەسەشی کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا، بە پرسەی هەمووان لەلایەن پارێزگارەوە وەسفکرا و داوایکرد، ئەم تەبایی و یەکڕیزییە لە کایەکانی دیکەی ژیانی خەڵکی شاردا رەنگبداتەوە.

پارێزگاری سلێمانی، نزای بۆ ئەو کەسانە کرد کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون، هیواشی خواست خوای گەرەو سەبووری و ئارامی بە کەسوکار و خەڵکی شارەکە دەربڕی.

لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی ئێوارەی پێنج شەممە (17ی تشرینی دووەمی 2022) بەهۆی لێچوونی غازەوە خانوویەک تەقییەوە و لە ئەنجامدا 15 کەس گیانیان لەدەستدا و 12 کەسی دیکەش برینداربوون، ئەمڕۆش لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتیان و بەرپرسانی ئیداری سلێمانی، تەرمەکان لە گۆڕستانی کەڵەکن لە شاری سلێمانی بەخاکدەسپێردرێن.

ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، خزم و کەسوکاری یەکترن و بۆ بۆنەیەکی خێزانی لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی کۆببوونەوە، ئەو کەسانەش کە گیانیان لەدەستداوە بریتین لە (چیمەن قادر عەزیز، بەهار قادر عەزیز، چیا مەزهەر عەبدولڕەحمان، رۆژان ئەنوەر سەلیم، محەمەد عەبدوڵا جەمیل، ژیلیا عەبدوڵا جەمیل، دانیار بەختیار قادر، داركۆ بەختیار قادر، زەند بەختیار قادر، میر بەهادین مەزهەر، لیا بەهمەن مەزهەر، باكۆ دانا عەلی، یانۆ دانا عەلی، ئارش فاتح محێدین، حسێن گۆڵكار).