جەعفەر شێخ مستەفا: پرسەکەی سلێمانی پرسەی میللـەتەکەمانە
K24 - سلێمانی
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پرسەی رووداوەکەی سلێمانی کە بەهۆیەوە 15 کەس گیانیان لەدەستدا، پرسەی بنەماڵەیەک و خێزانێک نییە و بووە بە پرسەی میللـەتەکەمان.
جەعفەر شێخ مستەفا بە کوردستان24ی گوت: "سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەی لەسەر شانی بێت بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان و قەرەبووکردنەوەی خێزانەکە دەیکات".
ئەمڕۆ لە سلێمانی، بە رێوڕەسمێک تەرمی ئەو کەسانە بەخاکسپێردرا، کە لە رووداوەکەی ئێوارەی پێنجشەممە (17ی تشرینی دووەمی 2022) گیانیان لەدەستدا، لە ئەنجامی لێچوونی غاز و تەقینەوەی خانوویەکدا، جەعفەر شێخ مستەفا لە گۆڕستانی کەڵەکن کە رێوڕەسمەکەی تێدا بەڕێوەچوو، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر ناخۆشە، رۆژێکە هەموو ئەم خەڵکە بەشدارن لە بەخاکسپاردنی 14 کەسی بنەماڵەیەک.
گوتیشی، لەگەڵ ئەوەی هاوخەمی دەردەبڕن و پرسەنامە ئاراستەی بنەماڵەکە دەکەن، "خۆمان بە خاوەنی پرسەکە دەزانین، چونکە بووە بە پرسەی میللـەتەکەمان و لە پرسەی بنەماڵە و شارێک دەرچووە".
جەعفەر شێخ مستەفا ئاماژەی بەوەشدا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای رووداوەکانەوە ئاگاداری دۆخەکە بووە و ئەمڕۆش بە فەرمی بەشدار دەبێت لە پرسەکەدا و دێتە سلێمانی.
ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، خزم و کەسوکاری یەکترن و بۆ بۆنەیەکی خێزانی لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی کۆببوونەوە، ئەو کەسانەش کە گیانیان لەدەستداوە بریتین لە (چیمەن قادر عەزیز، بەهار قادر عەزیز، چیا مەزهەر عەبدولڕەحمان، رۆژان ئەنوەر سەلیم، محەمەد عەبدوڵا جەمیل، ژیلیا عەبدوڵا جەمیل، دانیار بەختیار قادر، داركۆ بەختیار قادر، زەند بەختیار قادر، میر بەهادین مەزهەر، لیا بەهمەن مەزهەر، باكۆ دانا عەلی، یانۆ دانا عەلی، ئارش فاتح محێدین، حسێن گۆڵكار).