ئەردۆغان هەڕەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان دەکات

رەجەب تەیب ئەردۆغان
رەجەب تەیب ئەردۆغان

K24 - هەولێر:

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئاشکرایکرد، ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژی رۆژئاوای کوردستان تەنیا لە ئاسمانەوە سنووردار نییە، بۆ ئۆپەراسیۆنی زەمینیش وەزارەتی بەرگری و ئەرکانی گشتی بڕیاردەدەن.

سەرۆککۆماری تورکیا راشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکووری سووریا و عێراق بەردەوام دەبێت.

لەبارەی ئۆپەراسیۆنی تورکیا دژی رۆژئاوای کوردستان، ئەردۆغان ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئۆپەراسیۆن لە سووریا لەگەڵ بایدن و پوتن قسەی نەکردووە، گوتیشی: ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی بەسە و بۆ ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی، وەزارەتی بەرگری و ئیدارەی سەرۆککۆمار بڕیارێک دەدەن.

ئەردۆغان رایگەیاند، دوای دانووستانە دیپلۆماسییەکان لەگەڵ لایەنەکان لە سووریا، ئۆپەراسیۆنەکانیان دەستپێکردووە و ئۆپەراسیۆنەکانیان لە باکوری عێراقیش بەردەوام دەبن.

سەبارەت بە کۆبانێ، سەرۆککۆماری تورکیا گوتی: کۆبانی هەمیشە لە نێو ئامانجەکانماندا بووە و لە دژی کۆبانی کاری پێویستمان کردووە و بەردەوامیش دەبین.

ئەم لێدوانەی سەرۆکی تورکیا لەکاتێکدایە، کە ئەمڕۆ پێنج مووشەک ئاراستەی شارۆچکەی گلگامشی پارێزگای دیلۆکی باکووری کوردستان کراون.

لەو بارەیەوە سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئەو هێرشەی کراوەتە سەر شارۆچکەی گلگامشی پارێزگای دیلۆک بە گولـلە هاوەن بووە، بەو هۆیەوە سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و 10 کەسی دیکەش برینداربوون.

ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی پەکەکە و یەپەگە بە ئەنجامدانی ئەم کردەوەیە تۆمەتبار دەکات و رایدەگەیەنێت، هێزێکی سەربازی زۆر رەوانەی ئەو شارە کراون.

Fly Erbil Advertisment