دوای کۆبوونەوەی مۆسکۆ.. ئایا کورد باجی لێکنزیکبوونەوەی تورکیا و سووریا دەدات؟
K24 - هه‌ولێر:
دوابەدوای دوورکەوتنەوەیەکی زۆر، کە لەسه‌ره‌تای سەرهەڵدانی ململانێیه ناوخۆییه‌كانی سووریا لە ساڵی 2011 تا ئێستا بەردەوام بووە، رۆژی چوارشەممە 28ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، مۆسكۆی پایته‌ختی رووسیا، وەزیرانی بەرگری تورکیا و سووریای کۆکردەوە. بەگوته‌ی شرۆڤەکارانی سیاسی لێكنزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌و دووڵاته هێزە کوردییەکان ده‌خاته بەردەم تاڵترین هەڵبژاردنەکاندا.
نوێترین زانیاریی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌كه چین و ئه‌نجامه‌كانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه لەسەر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی خۆسەری کوردی کە لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێت چی ده‌بن، کە ماوەیەکە ئەنقەرە هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشێكی زەمینی بۆ سەر ئه‌و ناوچانه‌ی باکووری سووریا ده‌كات كه له‌ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه كوردییهكاندان؟
ئاماژه‌كانی پێش ئه‌نجامدانی کۆبوونەوەکە چی بوون؟
پێش سەرهەڵدانی ململانێکان لە ساڵی 2011، تورکیا هاوپەیمانێکی سەرەکی ئابووری و سیاسی سوریا بوو. رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاش، په‌یوه‌ندییه‌كی دۆستایەتی لەگەڵ بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سووریا هه‌بوو، به‌ڵام دوای ده‌ستپێکردنی ناڕه‌زایه‌تیی ئاشتییانه‌ی خه‌ڵكی سووریا دژ به رژێم و سه‌ركوتكردنی خۆپیشاندانه‌كان به زه‌بری هێز له‌لایه‌ن دیمه‌شقه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كانی توركیا و سووریا به‌ته‌واوه‌تی پچڕاند.
دوای ئەوەی تورکیا لە مانگی ئازاری ساڵی 2012 باڵیۆزخانەکەی لە دیمەشق داخست، ئەردۆغان چەندین جار ئەسەدی بە "تاوانبار" ناوبرد، لە کاتێکدا به‌شار ئه‌سه‌د هاوتا تورکیەکەی بە "دز" و لایەنگری "تیرۆریستان" ناوده‌برد.
تورکیا پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی له سووریا کرد و میوانداری دیارترین پێکهاتەکانی لە ئیسستهنبوڵ كرد، پێش ئەوەی دەست بکات بە پاڵپشتیکردنی یه‌كه چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن و پێشوازیكردن له نزیکەی چوار ملیۆن پەنابەری سووری بۆ نێو خاكی خۆی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی لە ساڵی 2016ـه‌وه تا ئێستا تورکیا سێ جار هێرشی كردووه‌ته سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر كۆنتڕۆڵی هێزه كوردییه‌كان و توانی به‌شێكی زۆری ناوچه سنوورییە گەورەکانی سوریا کۆنترۆڵ بکات، بەڵام تاوه‌كو ساڵی 2022، به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ نه‌چووه رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ دیمه‌شق، کە دواتر هەر زوو بە نێوەندگیری رووسیا ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه کۆتایی پێهات.
دوای ساڵانێک لە دوورکەوتنەوە، وردە وردە نیشانەکانی لێكنزیکبوونەوەی هه‌ردوو وڵات دەرکەوتن. لە پەراوێزی لوتکەی هه‌رێمی لە ساڵی 2021، وەزیرانی دەرەوەی هه‌ردوو وڵات گفتوگۆیەکی کورتی نافەرمییان ئەنجامدا. لە مانگی ئابدا مەولود چاوش‌ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا داوای ئاشتەوایی لەنێوان رژێم و ئۆپۆزسیۆنی سووریادا کرد.
و، ئەنقەرە و دیمەشق دانیان بە پەیوەندیکردندا ناوە لەسەر ئاستی دەزگای هەواڵگری.
هاوکات لەگەڵ هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرشی زەمینی بۆ سەر هێزه كوردییه‌كان له باكووری سووریا، لە مانگی نۆڤەمبەری رابروو ئەردۆغان رایگەیاند، ئەگەر هه‌یه له‌گه‌ڵ ئه‌سه‌د چاوپێكه‌وتن ئه‌نجامبدات. مانگی رابردووش، ناوبراو دووباره ئاماژەی بە ئەگەری ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەیهك له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی سووریا كرد، دوای ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌كان له‌نێوان هه‌ردوو وڵات لەسەر ئاستی وەزیرانی بەرگری و دەرەوە.
بە گوتەی شرۆڤەکارانی سیاسی و سه‌ربازی، رووسیا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت لەیهكنزیككردنهوهی هەردوو هاوپەیمانی و نه‌یارێكی هاوبه‌ش هه‌ردوو وڵات كۆده‌كاته‌وه، ئه‌ویش هێزه كوردییه‌كانن.
ئەی له‌باره‌ی ناوەڕۆک و کاتی کۆبوونەوەکە چی؟
مۆسکۆ رایگەیاند، لە دانوستانەکانی نێوان سێرگی شۆیگو، وەزیری بەرگریی رووسیا و خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا و عەلی مەحمود عەباس، وه‌زیری به‌رگری سووریا، هه‌رسێ وڵات "رێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی سووریا و پرسی پەنابەران" و "هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە توندڕەوەکان"، بەبێ ئەوه‌ی ئاماژه به ناوی ئه‌و گرووپانه بهێنێت، تاوتوێكردووه.
هەرسێ وڵات به‌شێوه‌یه‌كی "ئه‌رێنی" باسیان له كۆبوونه‌وه‌كه كرد. مۆسکۆ و دیمەشق جەختیان لەسەر پێویستی "بەردەوامی دیالۆگ" بۆ بەرقەرارکردنی سەقامگیری لە سووریا كرده‌وه.
بەڕێوەبەری سەنتەری دیمەشق بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی، دکتۆر بەسام ئەبو عەبدوڵڵا، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، کۆبوونەوەکە "ئاستی کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو وڵاتی لە ئاستی ئەمنییەوە بۆ ئاستی وەزاری بەرزکردەوە"، جەختیکردەوە پێویسته "لایەنە عەقڵانیەکان لە دیمەشق و ئەنقەرە هەوڵبدەن رای گشتی بۆ کۆبوونەوەی زیاتر لەسەر ئاسته باڵاكان ئامادهبکەن" لە قۆناغی داهاتوودا.
ئاماژە بەوەش دەکات، کۆبوونەوەکە پەیوەست بووە بە "پێشهاتەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا کە بڕیاربوو لە باکووری سووریا ئه‌نجامی بدات، مۆسکۆش کاری بۆ وەستاندنی کردووە"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "گواستنەوەی کۆبوونەوەکان بۆ وەزیرانی بەرگری بەو مانایه دێت، كه کارێكی سه‌ربازی مەیدانی هه‌یه پێویستیی هه‌ماهه‌نگی وردی نێوان هه‌ر سێ لایه‌ندا هه‌یه".
کۆبوونەوەکە دوای چەند هەفتەیەک هات کە تورکیا لە 20ی ئەم مانگە زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەیی دەستپێکرد و بەشێوەیەکی سەرەکی هێزە کوردییەکانی باكووری سووریای کردە ئامانج و ئەردۆغانیش هەڕەشەی دەستپێکردنی هێرشی زەمینی كرد به‌مه‌به‌ستی دوورخرانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه كوردییانه له سنووری خۆیان.
ئەنقەرە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یه‌په‌گه)ـی کە بڕبڕەی پشتی هێزەکانی سوریای دیموکراته، بە رێکخراوێکی "تیرۆریستی" ناوده‌بات و بە درێژه‌پێده‌ری سیاسه‌تی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت، کە دەیان ساڵە شه‌ڕ لەدژیان ئه‌نجامده‌دات.
چه‌ندین گه‌ڕی دانوستانەکان له‌نێوان حكومه‌تی سووریا و هێزه كوردییه‌كان، كه چه‌ندین ناوچه‌ی ستراتیژی وه‌كو کێڵگەی نه‌وتی و ناوچە کشتوکاڵیی گەورە له‌ژێر ده‌ستدایه، شكستیان هێناوه، دیمەشق دەیەوێت به زووترین كات كۆنتڕۆڵیی ئه‌و ناوچانه بكات.
نهیك هێراس، لێكۆڵه‌ر له په‌یمانگه‌ی (نیولاینز) به فرانس پرێسی راگه‌یاند، "ئەردۆغان لەژێر فشاری سیاسیدایە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە سووریا، هەروەها بۆ گەڕاندنەوەی زۆرترین ژمارەی سورییەکان لە تورکیاوە" بۆ وڵاتەکەیان پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە مانگی حوزەیران.
گوتیشی: ئەگەر ئەسەد گڵۆپی سەوز بۆ ئەردۆغان هه‌ڵبكات بۆ ئەوەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی دژی کورد دەستپێبکات، بەم زووانە شەڕ بەدوای خۆیدا دێنێت.
هەفتەی رابردوو ئاکار، وه‌زیری به‌رگری توركیا رایگه‌یاند، لەگەڵ مۆسکۆ گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن بۆ "کردنەوەی ئاسمانی سوریا" بەڕووی فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی تورکیادا.
چ سیناریۆیەک چاوەڕێی کورد دەکات؟
ئەو بژاردانەی لە ئێستادا له‌بەردەستی کوردن، كه له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا به‌شێوه‌یه‌كی تووند رووبه‌ڕووی چه‌كدارانی داعش بوونه‌وه، پێدەچێت دژواربن، لەبەر ڕۆشنایی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەر سێ وڵات بۆ کۆتاییهێنان بە هه‌ژموونی كورد له ناوچه‌كه و لاوازکردنی پشتیوانەکەیان له‌لایه‌ن واشنتنه‌وه، کە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هۆشداری له‌باره‌ی زۆربوونی گرژی و ئاڵۆزییه‌كان دا.
فابریس باڵەنج، لێکۆڵەری فەرەنسی تایبەتمەند لە کاروباری سووریا بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، ئامانجی راستەوخۆی ئەو سێ وڵاتە لەناوبردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هه‌سه‌ده)یه.
بە گوتەی باڵەنجە، ئەنقەرە دەیەوێت "هەڕەشەی کورد" لە نزیک سنوورەکانی نەهێڵێت، لە کاتێکدا ڕووسیا هەوڵدەدات هاوپەیمانێکی ئەمریکا لە سووریا، كه هێزەکانی سووریای دیموکراته" له‌ناوببات و بەم شێوەیە هاوپەیمانەکەی كه سووریایه بەهێزبکات.
سەبارەت بە دیمەشق، دەیەوێت "زەوییەکان و بەتایبەت سامانە نەوتییەکانی" لە کوردەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە وەربگرێتەوە، کە بەهۆی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ واشنتۆن بارگرانییان لەسەرە و پێشبینی دەکات تورکیا "جیهادییەکانی ئیدلب لەناوببات". بە ئاماژەدان بە ده‌سته‌ی تەحریری شام ( كه پێشتر جەبهەتول نوسرە بوو)، کە لەگەڵ چه‌ند یه‌كه‌یه‌كی دیكه‌ی سه‌ربازی کۆنترۆڵی نیوەی رووبەری پارێزگاری ئیدلب (باکووری رۆژئاوا) و دەوروبەری ده‌كات.
لە ئەگەری ره‌تكردنه‌وه‌ی داواكه‌ی توركیا، له‌لایه‌ن هێزه كوردییه‌كانه‌وه، كه ئەنقەرە داواده‌كات هێزه كوردییه‌كان به دووری سی کیلۆمەتر لەنزیك سنووره‌كانی بكشێنه‌وه، ئەو کۆبوونەوە سێ قۆڵییە بزوێنەرێک بۆ " لەشکرکێشی تورکیا" پێکدەهێنێت.
باڵەنجە گوتی: هێرشی زه‌مینی تورکیا تەنها پرسی کاتییە، ئەردۆغان لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیدا پێویستی بە سەرکەوتن هەیە لە دژی کورد لە سووریا.