وەزیری پێشووی دەرەوەی سوید: داعش هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستە وریابین

K24 - هەولێر:

ئان لیندی وەزیری پێشووی دەرەوەی سوید،  بە کوردستان24ی راگەیاند، پەیوەندی سوید و تورکیا باشە و سوید پابەندبووە بەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان ستتۆکهۆڵم و ئەنقەرە، سەبارەت بە رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر.

ناوبراو راشیگەیاند، مەترسی داعش هێشتا کۆتایی نەهاتووە و پێویستە وریابین.

وەزیری پێشووی دەرەوەی سوید هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، رۆڵی هێزە کوردییەکان لە عێراق و سووریا دژی تێکشکاندنی داعش زۆر گرنگ بوون و پێویستە سوپاسیان بکەین، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەهەموو وڵاتەکانییەوە شانبەشانی هێزە کوردیییەکان توانیان داعش تێکبشکێنن، بەڵام شەڕەکە هێشتا کۆتایی نەهاتووە، بۆیە پێویستە زۆر وریابین.

دەشڵێت: "پەیوەندی تورکیا و سوید باشە، ئێمە داوامانکردووە ببین بە ئەندام لە ناتۆ، بۆ ئەوەی ئاسایشی خەڵکەکەمان بپارێزین، هەموو ئەندامانی ناتۆ جگە لە تورکیا وهەنگاریا قایلبوون بە ئەندامێتیمان".

دووپاتیشیکردەوە، بۆ ئەوەی بە تورکیا نیشانبدەین ئێمە لە شەڕی تیرۆر جددین، بەتایبەت ئەو تیرۆریستانەی تورکیایان کردووەتە ئامانج، هاوشێوەی پەکەکە کە ئێمە بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانین.