عێراق.. گرانی بازاڕ کاریگەری لەسەر خۆئامادەکردن بۆ مانگی رەمەزان دروستکردووە

یەکێک لە بازاڕەکانی بەغدا
یەکێک لە بازاڕەکانی بەغدا

K24 - بەغدا:

بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناری عێراقی کاریگەریی نەرێنی بەسەر هاووڵاتییان دروستکردووە، بەتایبەتی لە خۆئامادەکردن بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز، کە بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی عێراق، توانای کڕینی پێداویستییەکانیان نییە.

لە بەدواداچوونێکی کوردستان24، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی دانیشتووی ناوەڕاست و باشووری عێراق، نەیانتوانییەوە وەک پێویست خۆیان بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز ئامادەبکەن و پێداویستییەکانی رۆژانەیان بکڕن، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و ماددە خۆراکییەکان لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار.

هاووڵاتی جاسم سابت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "جاران بە بەشێکی کەمی داهاتەکەم، لە بازاڕ پێداویستی نیو مانگم دەکڕی، بەڵام ئێستا هەموو داهاتی مانگێکیشم ناتوانێت، پێداویستی هەفتەی یەکەمی رەمەزانم بۆ دابین بکات".

هەروەها هاووڵاتی روئا فارووق دەڵێت، "راشکاوانە بڵێم، ئەمساڵ نەمتوانیوە، کەمترین پێداویستی سادە بکڕم، نرخی قوتوویەکی شیر بووە بە شەش هەزار دینار، ماڵیش پێداویستی زۆرە و مانگی رەمەزانیش زۆرتری دەوێت".

بەهۆی رێکارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاڵوگۆڕکردن و حەواڵەکردنی دۆلار، بازرگانانی جوملە فرۆشیش، لە پرۆسەی ناردنی پارە و هاوردەکردندا  دووچاری کێشە بوونەتەوە، بەتایبەتی کە نرخی حەواڵەکردنیش پارەش بۆ دەرەوەی وڵات زیادبووە.

لەلایەن خۆیەوە، عەباس بەهادەلی، بازرگانی پێداویستی خۆراکییەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، " پێشتر حەواڵەکردن بە 45 دۆلار بوو، ئێستا 600 تا 700 هەزار دیناری دەوێت، پێشتر حاوییەیەکمان بە بیست هەزار دۆلار دەهێنا، ئێستا نرخەکەی بووەتە 22 هەزار دۆلار، کەواتە قەیرانەکە کاریگەری زۆری دروستکردووە".

هەرچەندە لە پرۆژەیاسای بودجە نرخی دۆلار جێگیرکراوە بە 100 دۆلار بەرامبەر 130 هەزار دینار، کە لە هەفتەی رابردوو لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا گفتوگۆکان بۆ پەسەندکردنی دەستیپێنەکردووە و کاریگەری لەسەر بازاڕ بۆ کەمبوونەوەی نرخی کاڵا و ماددە خۆراکییەکان دروستنەکردووە.

Fly Erbil Advertisment