نەتەوەیەکگرتووەکان داوایەکی رووسیا رەتدەکاتەوە

K24 - هەولێر

رووسیا نەیتوانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رازی بکات، کە داوای لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆی لە تەقینەوەکانی بۆری گازی نۆرد ستریم کردبوو، کە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوودا روویدا.

ڤاسیلی نێبێنزیا باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێش دەنگدان بە ئەنجومەنەکەی گوتووە "بەبێ لێکۆڵینەوەیەکی نێودەوڵەتی و بابەتیانە و شەفاف، راستییەکان دەربارەی ئەوەی روویداوە ئاشکرا نابێت".

 تەنها رووسیا، چین و بەرازیل دەنگیان بە بڕیارنامەکەی مۆسکۆ دا کە لەلایەن رووسیاوە دارێژرابوو، هەروەها 12 ئەندامی دیکەی ئەنجومەنەکەش دەنگیان نەدا.

بۆ ئەوەی بڕیارنامەیەک لە ئەنجومەنی ئاسایش پەسەند بکرێت، لانیکەم دەبێت نۆ ئەندام بە بەڵێ دەنگ بدەن، بەو مەرجەی هیچ کام لە پێنج ئەندامی هەمیشەیی ئەو وڵاتە، رووسیا، چین، فەرەنسا، ئەمەریکا و بەریتانیا، ڤیتۆی نەکەن.

تەقینەوەکان لەسەر دوو بۆری نۆرد ستریم لە ناوچە ئابوورییەکانی سوید و دانیمارک روویانداوە، هەروەها سوید، دانیمارک و ئەڵمانیا مانگی رابردوو رایانگەیاندبوو، کە لێکۆڵینەوەکانیان هێشتا بەردەوامە و رووسیا ئاگادارکراونەتەوە.

لە نامەیەکی هاوبەشدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەو وڵاتانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە زیانەکان بەهۆی تەقینەوەکان کردەوەیەکی تێکدەرانە بووە، هەروەها ئەمریکا و ناتۆش ئەو رووداوەیان بە کردەوەی تێکدەرانە ناو بردووە.