هۆشداری نوێ لەبارەی لێکەوتەکانی گەرمبوونی زەوی دەدرێت

K24 - ئەنقەرە

بەگوێرەی لێکۆڵینەوەیەکی نوێ، پێشبینی دەکرێت ئەگەری دەردانی گازە گەرمەکان بەشێوەیەکی بەهێز بەردەوام بێت، تا کۆتایی سەدە، نزیکەی 123 کەس لە هەر 100 هەزار کەس لە ناوچەی باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گیانیان لەدەست بدەن بە هۆی گەرمای زۆرەوە.

ئەمەش نزیکەی 60 هێندەی ئامارەکانی ئێستایە زۆر زیاترە لەو پێشبینیانەی کە لەسەر بنەمای سیناریۆی هاوشێوە لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا کراوە.

بەپێی ئەم توێژینەوەیە کە لە گۆڤاری لانسێت بڵاوکراوەتەوە، ئێران لە سەرووی ئەم لیستەدایە بە ئامارێکی ئەگەری 423 کەس لە هەر سەد هەزار کەس ناوی لەم لیستەدایە.

ئەم راپۆرتە بە هاوکاری توێژەرانی زانکۆی تەندروستی و پزیشکی ناوچە گەرمەکانی لەندەن ئەنجام دراوە، باس لەوە دەکات ئەگەر گەرمبوونی زەویی لە دوو پلەدا بهێڵرێتەوە، ئەوا ئەگەری هەیە رێگری لە 80%ی مردن بکرێت بەهۆی گەرمای زۆرەوە.

ئەم ژمارەیە بە مانای بەرزبوونەوەی دوو پلەیە لە تێکڕای پلەی گەرمی زەوی بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای سەردەمی پیشەسازی. لە سەرەتای دەستپێکردنی تۆمارەکان، پلەی گەرمی زەوی بە رێژەی 1.1 پلە بەرزبووەتەوە. کە مەترسی هەیە لە سەر بەشێکی زۆری دانیشتوانی زەوی.

ئەم توێژینەوانە لە کاتێکدا بڵاودەکرێتەوە کە کۆنفرانسی داهاتووی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا بەناوی، کاپ 28 لە مانگی  نۆڤەمبەردا بڕیارە لە دوبەی بەڕێوەبچێت.

باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکێکە لە هەرە ناوچە لاوازەکانی جیهان لە گۆڕانی کەشوهەوا، بەو شێوەیەک کە زاناکان هۆشداری دەدەن لەوەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما تا کۆتایی سەدە دەبێتە هۆی ئەوەی زۆرێک لە ناوچەکان ئێتر بە کەڵکی ژیان نەیت.

نووسەرانی راپۆرتەکە دەڵێن پێویستییەکی بەپەلە هەیە بۆ رێککەوتنی جیهانی لەسەر کەمکردنەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و سیاسەتەکانی گونجاندن بۆ ئەوەی لە خراپترین کاریگەرییەکانی گەرمبوونەوە زەویی دوور بکەونەوە.

هۆشداری دەدەن لەوەی پشت بەستن بە چارەسەرە تەقلیدییەکانی چارەسەر نیە ..

شاکور حەجات، نووسەری سەرەکی ئەم بابەتە و مامۆستای 'تەندروستی ژینگە' لە زانکۆی تەندروستی و پزیشکی ناوچە گەرمەکانی لەندەن، دەڵێت: "بەپێی لێکۆڵینەوەکەمان دەبێت گەرمبوونی جیهان بۆ دوو پلەی سەدی سنووردار بکرێت بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بەدوور بگرین لە لێکەوتە خراپەکانی پلەی گەرمی زەوی و رێگری بکرێت لە کارەساتی مرۆیی و کاریگەریە کارەساتبارەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ. 'تەنانەت بە رێوشوێنی بە پەلە، پێویستە وڵاتانی ناوچەکە رێگەیەک بدۆزنەوە بۆ پاراستنی هاووڵاتیانیان لە گەرمای زۆری زەوی.

بەهێزکردنی سیستەمی تەندروستی و هەماهەنگی باشتر لە نێوان وڵاتانی باکووری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییە تەندروستییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا. لەگەڵ نزیکبوونەوەی کاپ 28، پێویستە گفتوگۆبکریت تا ڕێگەیەکی باشتر بۆ کارکردنی پێکەوەیی لەنێوان وڵاتانی ناوچەکەدا و بەهێزکردنی خۆڕاگری بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا.

ساڵی ڕابردوو لێکۆڵینەوەیەکی بەشی توێژینەوەی کیمیاییەکانی پەیمانگای ماکس پلانک لە ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بووەتە خاڵێکی توند لە ڕووی گۆڕانی کەشوهەواوە، بەجۆرێک کە تێکڕای گەشەی پلەکانی گەرما لە ساڵانی ڕابردوودا نزیکەی دوو هێندەی تێکڕای جیهانییە.

بەگوێرەی ئەو لێکۆڵینەوەیە، وڵاتانی ئەم ناوچەیە کە ژمارەی دانیشتووانی زیاتر لە 400 ملیۆن کەسە، لە ساڵی 1981ەوە هەموو دەیەیەک پلەی گەرمی  0.45پلەی سانتیگراد گەرمتر بووە.

تێکڕای گەشەی پلەی گەرمی لەم ماوەیەدا لە جیهاندا 0.27 پلە بووە لە هەر10 ساڵێکدا.

یۆس لێلیڤێڵد، بەڕێوەبەری بەشی کیمیای بەرگەهەوا لە پەیمانگاکە و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە دەڵێت: 'هەرێمێکی گەرم و وشک ئێستا گەرمتر و وشکتر دەبێتەوە و ئەوەش لێکەوتەی گەورەی دەبێت'.

ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە لەگۆڤاری 'پێداچوونەوە و توێژینەوە جیۆفیزیکییەکان'دا بڵاوکراوەتەوە.

ئەم ناوچانە بریتیە لە هەریەک لە وڵاتانی بەحرەین، قوبرس، میسر، یۆنان، ئێران، عێراق، ئیسرائیل، ئوردن، کوەیت، لوبنان، عومان، فەلەستین، قەتەر، سعودیە، سوریا، تورکیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە خۆ دەگرێت..

لە مانگی حوزەیران، کاتێک ئەو لێکۆڵینەوەیە بڵاوکرایەوە، کوێت، عێراق و ئێران پلەی گەرمایان لە سەرووی ٤٩ پلەی سەدی تۆمارکرد.

لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٠ پلەکانی گەرما لە کوێت گەیشتە ٥٣ پلە.

.