خێزانی شاهانەی سعوودیە زیاتر لە 18 ملیۆن دۆلار دەبەخشێتە هەڵمەتێکی خێرخوازی

K24 - هەولێر:
خێزانی شاهانەی سعوودیە بە گوژمەی 18 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار، هاوکاری پێشکەش بە هەڵمەتێکی خێرخوازیی کرد.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی کردەوە، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز شای سعوودیە و محەمەد بن سەلمان، جێنشینی ئەو وڵاتە، رابەرایەتی هەڵمەتێکی خێرخوازیی دەزگای "ئیحسان"یان کردووە کە لەژێر ناوی "هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ کاروباری خێرخوازی"ی رێکخرابوو.
هەریەکە لە شا سەلمان 40 ملیۆن ریال و محەمەد بن سەلمان 30 ملیۆن ریالیان وەک هاوکاری بەخشیوەتە هەڵمەتە خێرخوازییەکە کە دەکاتە نزیکەی 18 ملیۆن و 700 هەزار دۆلار، هەروەها لە یەکەم کاتژمێرەکانی دەستپێکی هەڵمەتەکەدا، 469 ملیۆن ریال کۆکرایەوە کە دەکاتە نزیکەی 125 ملیۆن دۆلار.
ئیبراهیم حوسەینی، بەڕێوبەری دەزگای ئیحسان باسی لەوە کرد، لەگەڵ چوونە ناو 10 رۆژی کۆتایی مانگی رەمەزان، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو دەستیان بە بەشی سێیەمی هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ کاروباری خێرخوازیی کردووە، تا کۆتایی ئەم مانگەش هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت.
ئەم هەڵمەتە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2021دا ئەنجامدرا و تیایدا 700 ملیۆن ریال کە دەکاتە نزیکەی 186 ملیۆن دۆلار کۆکرایەوە و لە هەڵمەتەکەی ساڵی رابردووشدا بڕی 800 ملیۆن ریال کە دەکاتە 213 ملیۆن دۆلار کۆکرایەوە.
بەگوێرەی زانیارییە فەرمییەکانی سعوودیە لە میانی هەڵمەتی نیشتمانیی بۆ کاروباری خێرخوازی، تا ئێستا چوار ملیۆن و 800 هەزار کەس سوودمەندبوون.