وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق: هەر جووتیارێک ئامێری ئاوڕشتن بەکارنەهێنێت بێبەش دەبێت لە هاوکارییەکان

محەممەد عەبدولڕەزا، بەڕێوەبەری راگەیاندن و گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق
محەممەد عەبدولڕەزا، بەڕێوەبەری راگەیاندن و گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق

K24 – هەولێر:

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە پلانیدایە قەرز بە جووتیاران بدات و رایگەیاندووە، هەر جووتیارێک ئامێری ئاوڕشتن بەکارنەهێنێت ئەوا بێبەش دەبێت لە هاوکارییەکانی حکومەت.

محەممەد عەبدولڕەزا، بەڕێوەبەری راگەیاندن و گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، وابڕیارە بە مەبەستی کڕینی ئامێری ئاوڕشتن قەرز بە جووتیاران بدرێت.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە رەزامەندی لەسەر دراوە بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی جووتیاران و زیاتر گوتی، "ئەمەش یارمتیدەر دەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان و بەفیڕۆنەدانی ئاو، بۆیە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش بڕیاریداوە هاوکاری هیچ جووتیارێک نەکات ئەگەر ئامێری ئاوڕشتن بەکارنەهێنێت".

بەگوێرەی ئەو رێنماییەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، جووتیاران بۆ سوودمەندبوون لە وەرگرتنی دەرمانەکانی مێرووکوژ، پەینی کیمیایی و هاوکارییەکانی دیکە کە لەلایەن وەزارەتەکەوە بۆ جووتیاران دابیندەکرێت.

محەممەد عەبدولڕەزا لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بووژانەوەی کوردستان24 بە دیاری شێخەی راگەیاند، ئەو قەرزەی بۆ کڕینی ئامێری ئاوڕشتن دەدرێت بە جووتیاران، بۆ ماوەی پێنج ساڵە بەبێ هیچ زیادە خستنەسەرێک، تەنانەت باجی گومرگیش لەسەر هێنانی ئەو ئامێرانە لادراوە تا نرخەکانیان داببەزێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، بەڕێوەبەری راگەیاندن و گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق روونیکردەوە، تاوەکو ئێستا رێنمایی سەبارەت بە چۆنیەتی پێدانی ئەو قەرزە و مەرج و پێداویستییەکانی دەرنەچووە و دوای دەرچوونی رێنماییەکانی تایبەت بەو پرسە، رێکارەکان رووندەبێتەوە ئایا جووتیارانی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە یان تەنیا بۆ جووتیارانی ناوەڕاست و باشووری عێراقە.

Fly Erbil Advertisment