تورکیا وردەکاری کوژرانی سەرکردەکەی داعشی ئاشکراکرد

ئەو خانووەی قورەیشی تێدا کوژرا
ئەو خانووەی قورەیشی تێدا کوژرا

K24 - هەولێر:

ئاژانسی فەرمی تورکیا وردەکاریی لەبارەی ئۆپراسیۆنی کوشتنی ئەبو حوسێن ئەلقورەیشی، سەرکردەی داعش لە سووریا ئاشکراکرد و رایگەیاند، ئەلقورەیشی کاتێک زانیویەتی دەستگیردەکرێت، پشتێنە بۆمبرێژکراوەکەی تەقاندووەتەوە.

هاوکات ئاماژە بەوەش دراوە، قورەیشی لە جیندرێسـی سەر بە شاری عەفرین بووە و دواتر تیمێکی تایبەتی دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە 29ـی نیسان ئۆپراسیۆنێکی نهێنییان ئەنجامداوە بۆ دەستگیرکردنی.

جیا لەوەش ئەو خانووەی کە ئۆپراسیۆنی بۆ سەر ئەنجامدراوە، حەشارگەی ژێرزەمینی هەبووە و تیمەکان داوای خۆ رادەستکردنیان لە ئەلقورەیشی کردووە بەڵام هیچ وەڵامێکیان پێنەگەیشتووە. دوای جووڵەی تیمەکەش بۆ سەر خانووەکە، سەرکردەکەی داعش پشتێنە بۆمبرێژکراوەکەیی تەقاندووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە تیشک خراوەتە سەر ئەوەی کە ئۆپراسیۆنەکە چوار کاتژمێری خایاندووە و هیچ زیانێکیش بە تیمەکەی دەزگای هەواڵگری تورکیا و خەڵکی سڤیلی ناوچەکە نەگەیشتووە. 

ئەلقورەیشی ساڵی 2013 تێکەڵی داعش بووە و لە ماوەیەکی کورتدا چەندین پلەی باڵای بەڕێوەبردووە. دوای کوژرانی حەسەن قورەیشی، سەرکردەی پێشووی داعش، لە 30ـی تشرینی دووەمی ساڵی 2022 بووەتە خەلیفەی داعش.