خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ئەنجامدرا

K24 – هەولێر:
ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە ئەنجامدا و بەشێک لە پەرلەمنتارانیش داوای تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە و چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیایی دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە (4ـی ئایاری 2023)، فەرمانگەی میدیایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا ئەنجوومەنەکە خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی ئەنجامدا.
پێشتریش شاخهوان عهبدوڵڵا، جێگری سهرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق به كوردستان24ـی راگهیاند، دوای نزیكهی یەک هەفتە لە گفتوگۆكردن لهگهڵ ههڤاڵانم له سهرۆكایهتی ئەنجوومەن، رهزامهندی درا لهسهر پێشنیازی ئێمه بۆ خوێندنهوهی دووهمی پڕۆژهیاسای بهپارێزگابوونی ههڵهبجه و ئهمڕۆ دهخرێته بهرنامهی دانیشتنی ئەمڕۆوە.
پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەندکرا و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرا بە مەبەستی پەسەندکردن.
لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆشدا، یەکێک لە خاڵەکانی بەرنامەی کار تایبەت بوو بە خوێندنەوەی دووەمی پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە، هەروەها هەردوو راپۆرتی لیژنەکانی یاسایی و هەرێم و پارێزگاکانی نەبەستراو بە هەرێمەکان خوێندرایەوە.
پرۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە چوار ماددە پێکهاتووە، کە ئاماژە بەوە دەکات، هەڵەبجە دەبێتە پارێزگای 19ـەیەمینی هەڵەبجە و لە سنووری ئیداری هەرێمی کوردستان دەبێت و قەزای هەڵەبجە دەبێتە ناوەندی پارێزگاکە.
هەروەها ئاماژە بەوەشکراوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پلاندانی عێراق سنووری ئیداری و یەکە ئیدارییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەستنیشان دەکەن.
هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پابەند دەکات بە جێبەجێکردنی یاساکە بۆ بە پاریزگابوونی هەڵەبجە.
لەمیانی گفتوگۆکانی دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشێک لە پەرلەمنتاران داوای دابینکردنی بودجەی تایبەتیان کرد بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە و چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیایی.
رۆژی یەکشەممە (2ـی نیسانی 2023)، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنێکدا کە شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجەی ئەنجامدا.

