پەرلەمانتارێکی پارتی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق بە "ئاڵۆزترین" لە مێژووی وڵاتەکەدا ناودەبات

K24 - هەولێر
پەرلەمانتارێکی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، هیچ پاساوێک بەدەست لایەنە سیاسییەکانی عێراقەوە نەماوە بۆ ئەوەی دەستکاری لە پشکی هەرێم لە پڕۆژەیاسای عێراقدا بکەن. ئاماژە بەوەش دەدات، تا ئێستا گفتوگۆکانی لیژنەی دارایی لەبارەی ماددەکانی تایبەت بە پشکی هەرێم بەردەوامن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ـی ئایاری 2023، سەباح سوبحی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24، ئاماژەی بەوەکرد، گفتوگۆکانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق، کە تایبەتن بە پشکی هەرێمی کوردستان بەردەوامن و تا گفتوگۆکان کۆتاییان نەیەت، پرۆژەیاساکە رەوانەی پەرلەمان ناکرێت.
سەباح سوبحی پڕۆژەیاسای بودجەی ئێستای عێراق کە بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025ـە، بە "ئاڵۆزترین پڕۆژەیاسا" لە مێژووی وڵاتەکەدا پێناسە دەکات و، وەکو خۆی دەڵێت، ئەو چەندە وایکردووە پەسەندکردنی لە پەرلەمانی عێراق و دواتر جێبەجێکردنی کارێکی ئاسان نەبێت.
درەنگانی شەوی رابردوو، محەممەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی هەواڵی عێراقی راگەیاند، "بودجە لە قۆناغی کۆتایی دایە، کۆبوونەوەیەکمان لەگەڵ لیژنەی دارایی هەبوو و هەروەها هەوڵە بەردەوامەکانیان و پەیوەندیکردنیان بەرز دەنرخێنین"، ئاماژەی بەوەشکرد، "لیژنەکە ئامادەیە رۆژی پێنجشەممە پرۆژەیاسای بودجە رادەستی ئەنجومەنی نوێنەران بکات".
پشکی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق 16 ترلییۆن و 690 ملیار دینارە، واتا مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک و 384 ملیار دینار دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە خەرجی مانگانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی فەرمانبەران دەکاتە 910 ملیار دینار.
وەکو ئەوەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی ئاماژەی پێ دەدات، زەمینەسازییەک هەیە بۆ ئەوەی دەستکاری لە پشکی هەرێمی کوردستان نەکرێت و جێگیر بێت. دووپاتیشی دەکاتەوە، ئێستا هیچ بیانوویەک بەدەست لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا نەماوە بۆ ئەوەی پشتی پێ ببەستن و دەستکاری لە پشکی هەرێمدا بکەن "بەتایبەت دوای ئەوەی پرسی نەوت لە نێوان هەردوو حکمومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان یەکلابووەوە، بۆیە پشتراستم دەستکاری لە پشکەکە ناکرێت."
خەرجییەکانی بودجەی گشتیی عێراق بە 199 تریلیۆن و 22 ملیار و 111 ملیۆن و 663 هەزار دینار خەمڵێندراوە، کە خەرجیی وەبەرهێنان 49 تریلیۆن و 462 ملیار و 151 ملیۆن و 754 هەزار دینارە.
هەرچی خەرجیی بەکارخستنە: 133 تریلیۆن و 221 ملیار و 694 ملیۆن و 2 هەزار دینارە. خەرجیی قەرزەکانی بریتییە لە 12 تریلیۆن و 750 ملیار و 981 ملیۆن و 21 هەزار دینار، لەگەڵ 3 تریلیۆن و 587 ملیار و 284 تریلیۆن دینار کە خەرجیی بەرنامە تایبەتەکانە.
بەپێی هەژمارکردنی 100 دۆلاری ئەمریکی بە بەهای 130 هەزار دینار، کۆی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023 دەکاتە 153 ملیار و 93 ملیۆن و 932 هەزار دۆلار.
درەنگانی شەوی یەکشەممە 16ـی نیسانی 2023، بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار، دانیشتنی ژمارە (20)ـی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی، خوێندنەوەی دووەمی بۆ پرۆژەیاسای بودجەی ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 کرد.
رۆژی چوارشەممە 5ـی نیسان 2023، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.
رۆژی 13ـی ئاداری 2023، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رهشنووسی پڕۆژهیاسای بودجهی گشتی پهسهندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.