عێراق زیاتر لە دوو تۆن زێڕ دەکڕێت
K24 - هەولێر
بانکی ناوەندی عێراق نزیکەی 2.3 تۆن زێڕی کڕی، بەمەش ریزبەندی خۆی لە پلەی 30 هەمین وڵاتانی جیهاندا بۆ هەڵگرتنی زێڕ دەپارێزێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 30ی ئایاری 2023، بەشی وەبەرهێنانی بانکی ناوەندی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، دەستیکردووە بە کڕینی بڕی نوێی زێڕ کە نزیکەی 2.3 تۆنە، لە ئەنجامدا پشکەکانی لەم کانزایەدا بە رێژەی 1.79% زیادیکردووە، کۆی گشتی ئەو زیڕانەی کە عێراق خاوەندارێتی دەکات بریتیە لە 132.74 تۆن، بەمەش لە ریزبەندی هەڵگرتنی زێڕی جیهانیدا لە پلەی 30 دایە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کڕینەکە بە ئامانجی زیادکردنی پشکەکانی زێڕ بووە لە ژێر رۆشنایی ئەو بارودۆخە ئابووری و سیاسییەی لە جیهاندا هەیە".
زێڕ یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی ئەو یەدەگانەی لەبەردەستی بانکەکان و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکاندایە، بەو پێیەی ئەو بانک و دامەزراوانە بەردەوام یەدەگەکانیان لەم کانزایە زیاد دەکەن، بەهۆی کاریگەری ئەرێنی ئەم رێوشوێنە لەسەر توانای دارایی ئەو دامەزراوانە و توانای قەرزکردنی وڵاتەکانیان.