سیپان شێروانی: پێشنیازمان کردووە مانگانە %12ـی پاشەکەوتی مووچە بگەڕێندرێتەوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم

سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 - هەولێر:

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، رایدەگەینێت، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازێکیان لەبارەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە داوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمان. هاوکات راشیگەیاند، پێشنیازمان کردووە مانگانە %12 پاشەکەوت بگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەرانی هەرێم.

سیپان شێروانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24، رایگەیاند، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەوڵدایە زۆرترین واژوو کۆبکاتەوە بۆ جێگیرکردنی بڕگەی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە رێژەی%12.

هەروەها راشیگەیاند، هەروەها پارتی دیموکراتی کوردستان پێشنیازی کردووە لەگەڵ حکومەتی عێراق بتوانن بە هەمانگی لەگەڵ یەکتر%12ـی پاشەکەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردتسان بدەنەوە، بۆیە داوامان کردووە حکومەتی عێراق تەرخانکردنی دارایی بۆ بکات.

شێروانی گوتیشی: "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ موزایەدەی سیاسی نیین، ئێمە لەگەڵ ئەوەین هەوڵی جددی بدرێت بۆ گەڕانەوەی پاشەکەوت".

ئەمڕۆ شەممە (10ـی حوزەیرانی 2023)، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، فراکسیۆنی پارتی پێشنیازێکی نوێ لەبارەی گەڕانەوەی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان داواتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق بە رێژەی 12% بە هاوبەشی لەنێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق.

لەلایەن خۆیەوە، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ کوردستان24 جەختی لەسەر پێشکەشکردنی ئەو پێشنیازە کردەوە و ئاشکرایکرد کە واژووی پێویستی بۆ کۆدەکەنەوە.

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان دەیانەوێت حکومەتی فیدراڵی پابەند بێت بە دابینکردنی شایستەی دارایی بۆ پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان.

هاوکات ڤیان سەبری روونیکردەوە، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق باسیان لەو پێشنیازە کردووە و زۆربەی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکەش لارییان نییە و واژوویان لەسەر ئەو پێشنیازە کردووە.

لەبارەی جیاوازی ئەو پێشنیازە نوێیەی فراکسیۆنی پارتی لەوەی پێشتر لە لیژنەی دارایی دەنگی لەسەر درابوو، ئەوەیە کە دابینکردنی شایستەی دارایی بۆ پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە تەنیا لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت و دەبێتە بەشێک لە پابەندی حکومەتی فیدراڵی.