وردەکاری پشكی وه‌زاره‌ت و دامودەزگاکانی عێراق لە بودجە

K24 – هەولێر:

لە پرۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی کە بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025 ئامادەکراوە، کۆی گشتی داهاتەکانی عێراق بۆ ساڵێک بە 134.5 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە و ئەو داهاتەش بەسەر وه‌زاره‌ت و دامودەزگاکان و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی عێراق دابەشکراوە.

داهاتی نەوتی عێراق بە 123.6 ترلیۆن دینار خەمڵێنداوە لەسەر بنەمای نرخی هەر بەرمیلێک بە 70 دۆلار، کە رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل هەناردە بکات، هەروەها داهاتی نانەوتی عێراقیش کە خۆی دەبینێتەوە لە باج و سەرچاوەکانی دیکەی داهات بە 17 ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە.

خەرجی حاکیمە

لە بودجەی فیدراڵیدا، بڕی 4.6 ترلیۆن دینار بۆ بەشەخۆراکی مانگانە لە رێگەی پسوولەی خۆراکەوە تەرخانکراوە کە لەو بڕەشدا، 590 ملیار دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە.

لەبارەی بڕی تەرخانکراو بۆ دەرمان لە بودجەی فیدراڵی، بڕی 1.6 تلیۆن دینار تەرخانکراوە کە پشکی هەرێمی کوردستانیش بریتییە کە 290 ملیار دینار.

هەروەها بڕی تەرخانکراوە بۆ پاڵپشتی کڕینی گەنم و برنج بریتییە لە 2.5 ترلیۆن دینار کە پشکی هەرێمی کوردستان 316 ملیار دینارە، بۆ هاوردەکردنی وزەش 358 ملیار دینار دانراوە کە 45 ملیار دینار وەک پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت.

بۆ خەرجی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش، 345 ملیار دینار دانراوە کە لەو بڕەش 43 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت. هاوکات بودجەی تەرخانکراو بۆ سەرژمێری گشتی، 350 ملیار دینار تەرخانکراوە کە 44 ملیاریش وۆک پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت.

پشكی وه‌زاره‌ت و ده‌سته‌كان له‌ بودجه‌ی فیدراڵی

دابەشکردنی داهاتەکانی عێراق بەسەر وەزارەت و دامودەزگا فەرمییەکانی عێراق، زۆرترین مشتومڕی بەدوای خۆیدا هێناوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەشێک لە لایەنەکان و هاووڵاتییان ئاماژە بە جیاوازی و جیاکاری لە دابەشکردنی بودجە بەسەر دامودەزگا فەرمییەکانی دەکەن.

هەر چەندە بڕی 9.7 ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی بەرگری و 13.8 ترلیۆن بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ تەرخانکراوە، بودجەیەکی زۆریش کە دەگاتە 3.7 ترلیۆن دینار بۆ حەشدی شەعبی تەرخانکراوە.

ئەو جیاوازییە زۆرەی لە بڕی تەرخانکراو لە بودجەی فیدراڵی بۆ دیوانەکانی وەقفی سوننی و شیعی هەیە، جێگەی سەرنجی بەشێک لە چاودێران و چالاکوانانە، بەتایبەتی سوننەکان ئەمە بە نادادپەروەری دادەنێن، کە بڕی 1.4 ترلیۆن دینار بۆ دیوانی وه‌قفی شیعی و 439 ملیار دینار بۆ دیوانی‌ وه‌قفی سوننی دانراوە.

لەبارەی هەردوو کەرتی تەندروستی و پەروەردە کە زۆرترین داواکاری هاووڵاتییانی عێراقی لەسەر بۆ بەرەو پێشبردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان لەو دوو کەرتە گرنگەدا، لە بودجەدا 10 ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی تەندروستی و 11.8 ترلیۆن دینار بۆ وەزارەتی پەروەردە تەرخانکراوە.

هەروەها بودجەی وەزارەتەکانی دارایی بە 4.39 ترلیۆن دینار و بازرگانی بە 7.2 ترلیۆن دینار و وەزارەتی نەوت بە 23.5 ترلیۆن دینار و وەزارەتی کارەبا بە 17.7 ترلیۆن دینار تەرخانکراوە، کە زۆرترین بەشە بودجەیان هەیە لەناو وەزارەتەکانی کابینەی حکومەتی عێراقدا.

پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پرۆژەیاسای بودجە دەدات

درەنگانی شەوی (8ـی حوزەیرانی 2023) پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 258 پەرلەمانتار لە کۆی 329 پەرلەمانتار دەستی بە دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجەی گشتی کرد کە پێشتر دوو خوێندنەوەی بۆ کرابوو، دوای ئەوەی لە رۆژی (13ـی ئاداری 2023) لەلایەن ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراقەوە پەسەندکرا و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

رۆژی هەینیش (9ـی حوزەیرانی 2023)، دوای دووجار دواخستن، دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ پرۆسەی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە درێژەی پێدرا و ماددەکانی (دووەم، نۆیەم، دەیەم، یازدەیەم، دوازدەیەم، سێزدەیەم، هەژدەیەم، نۆزدەیەم، بیستەم، بیست و یەکەم، بیست و سێیەم و بیست و چوارەم) پەسەندکران و دەنگدان لەسەر ماددەکانی (چواردەیەم، پازدەیەم، شازدەیەم و حەڤدەیەم) دواخرا.

لە دانیشتنی شەوی (10ـی حوزەیرانی 2023)، بە ئامادەبوونی 241 پەرلەمانتار، پەرلەمانی عێراق درێژەیدا بە دانیشتنەکانی بۆ دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسای بودجە، دوای پەسەندکردنی ماددەی 14، ماددەکانی 25 تا 41 بە زۆرینەی دەنگ پەسەندکرد.

هەروەها ئیوارەی رۆژی یەکشەممە (11ـی حوزەیرانی 2023) دانیشتنی ژمارەی (31)ـی ئەم خولەی پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونی 229 پەرلەمانتار و بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ درێژەدان بە دەنگدان بە پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکردەوە و دەنگدان لەسەر ماددەکانی 42 و 43 دواخرا و دوای ئەوەش ماددەکانی 44 تا 63 پەسەندکران.

رۆژی (13ـی ئاداری 2023)، ئەنجوومەنی وه‌زیرانی عێراق ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی فیدراڵی په‌سه‌ندكرد، کە زیاتر لە 198 ترلیۆن دینارە و ئاماژەبەوەشکراوە، وەک بەشێک لە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژانە دەبێت 400 هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.

درەنگانی شەوی چوارشەممە (5ـی نیسانی 2023)، بە ئامادەبوونی 235 پەرلەمانتار پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی 2023 و 2024 و 2025 کرد.

هەروەها بە ئامادەبوونی 198 پەرلەمانتار دانیشتنی ژمارە (20)ـی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و ئامادەبوونی هەردوو جێگرەکەی لە درەنگانی شەوی یەکشەممە (16ـی نیسانی 2023) بۆ ئەنجامدانی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاسای بودجە دەستیپێکرد بەڵام دوای خوێندنەوەی راپۆرتی لیژنەی دارایی، دانیشتنەکە هەڵگیرا بۆ رۆژی دواتر و درەنگانی شەوی دووشەممە کۆتاییهات.

لە (4ـی نیسانی 2023)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە (4ـی نیسانی 2023) هاوشانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئامادەبوو لە رێورەسمی واژووکردنی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، کە نەخشەرێگای چارەسەربوو بۆ ناکۆکییە یاسایی و سیاسییەکانی نۆ ساڵی رابردوو لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

رۆژی (25ـی ئایاری 2023)، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکی خۆیدا لەبارەی گفتوگۆکردن و ئامادەکردنی کۆتا رەشنووسی پرۆژەیاسای بودجە بۆ دەنگدان لەناو هۆڵی ئەنجوومەندا، بە چەند گۆڕانکارییەکەوە هەردوو ماددەی 13 و 14ـی پرۆژەیاساکەی پەسەندکرد کە تایبەتن بە داهاتی نەوت و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانیش لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتکرایەوە و پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت رایگەیاند، ئەگەر ئەو گۆڕانکارییانەی لە ماددەکانی 13 و 14ـی پرۆژەیاسای بودجە کە لەلایەن لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقەوە ئەنجامدرابوو، وەک خۆی بمێنێتەوە ئەوا دەنگ بە پرۆژەیاسای بودجە نادەن.