موعین كازمی: دوای جه‌ژن رێنماییه‌كانی كارپێكردنی یاسای بودجه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه

موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی، پەرلەمانی عێراق
موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی، پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق رایگەیاند، دوای جه‌ژنی قوربان رێنماییه‌كانی كارپێكردنی یاسای بودجه‌ بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ـی حوزەیرانی 2023)، موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی، پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، پێشبینی ده‌كه‌ن یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو یاسای بودجه‌ له‌ رۆژنامه‌ی فه‌رمی بڵاوبكرێته‌وه‌.

كازمی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، دوای جه‌ژنی قوربان رێنماییه‌كانی كارپێكردنی یاسای بودجه‌ ده‌رده‌چێت.

یاسای بودجەی گشتی عێراق بۆ ساڵەکانی (2023، 2024 و 2025) لە 78 ماددە پێکهاتووە و کۆی گشتی بودجەکەش بە 198 ترلیۆن و 910 ملیار و 343 ملیۆن و 590 هەزار دینار بۆ ساڵی دارایی 2023 خەمڵێندراوە، کە داهاتی گشتی عێراقیش بۆ ئەو ساڵە بە 134 ترلیۆن و 552 ملیار و 919 ملیۆن و 63 هەزار دینار داندراوە، بەمپێیەش 64 ترلیۆن و 357 ملیار و 424 ملیۆن و 527 هەزار دینار کورتهێنان لە بودجەدا هەیە.

لە یاساکەدا، زۆرترین داهاتی بودجەی گشتی عێراق پشتی بە هەناردەکردنی نەوت بەستووە کە لە رۆژێکدا دەبێت سێ ملیۆن 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە بکات بە 400 هەزار بەرمیلەکەی هەرێمی کوردستانیشەوە، کە نرخی بەرمیلێک نەوت بە 70 دۆلار خەمڵێندراوە. هەروەها بەهای 100 دۆلاریش بە 130 هەزار دینار جێگیرکراوە.

بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانەی لە بودجەدا هەیە، حکومەتی عێراق پشت بە قەرز و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەبەستێت، هەروەها ئەگەر نرخی نەوتیش بە زیاتر فرۆشرا، ئەوا رێژەی 70%ـی بڕی داهاتەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان تەرخاندەکرێت.