نێرده‌ی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ كۆتاییهێنان به بۆشایی سه‌رۆكایه‌تی سه‌ردانی لوبنان ده‌كات
K24- هەولێر:
نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ لوبنان به‌مه‌به‌ستی چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ كۆتاییهێنان به بۆشایی سه‌رۆكایه‌تی له لوبنان، سه‌ردانی ئه‌و وڵاته‌ی كرد و ژماره‌یه‌ك دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی ئه‌و وڵاته ئه‌نجام دا.
له‌وه‌ته‌ی كۆتاییهاتنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی میشال عۆن، سه‌رۆكی پێشووی لوبنان له كۆتاییه‌كانی تشرینی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو (2022)، په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته 12 جار له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكێكی نوێ بۆ وڵاته‌كه شكشتیهێناوه و دابه‌شبوونه سیاسییه‌كانیش له ناوخۆی ئه‌و وڵاته به‌تایبه‌ت له‌نێوان حزبوڵڵا و ركابه‌ره‌كانی زیاتر بووه، به‌شێوه‌یه‌ك هیچ لایه‌كیان ناتوانن به ته‌نیا كه‌سێك بۆ ئه‌و پۆسته كاندید بكه‌ن.
وا ده‌رده‌كه‌وێ دۆسیه‌ی لوبنان به لای كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ته‌نانه‌ت وڵاتانی هه‌رێمیش جێی بایه‌خ نه‌بێت، به‌ڵام فه‌ره‌نسا له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه و ئاماده مێژووییه‌كه‌ی له قووڵایی لوبنان، ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه جووڵه‌یه‌كی بێئه‌نجامی ده‌ستپێكردووه بۆ ئه‌وه‌ی په‌له له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی ئه‌و وڵاته بكرێت.
رۆژی (چوارشه‌ممه 21ـی حوزه‌یرانی 2023) ژان ئێف لۆدریان، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ لوبنان سه‌ردانێكی سێ رۆژه‌ی بۆ لوبنان ده‌ستپێكرد، رۆژی پێنجشه‌ممه 22ـی حوزه‌یران له درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ لوبنان ژماره‌یه‌ك دیدار و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له نه‌جیب میقاتی، سه‌رۆكی حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر وبه‌شاره راعی، پاتریاركی مارۆنی، سه‌میر جه‌عجه‌ع، سه‌رۆكی حزبی هێزه‌كانی لوبنان، جوبران باسیل، سه‌رۆكی ره‌وتی ئازادی نیشتمانی و ژماره‌یه‌ك كه‌سایه‌تی و سیاسه‌تمه‌داری دیكه ئه‌نجام دا و به‌گوێره‌ی میدیای ئه‌و وڵاته دیدار و كۆبوونه‌وه‌كان ئه‌رێنی بوونه بۆ قۆناغی داهاتوو.
لۆدریان دوابه‌دوای به‌شێك له دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی رایگه‌یاند، ئامانجی بنه‌ڕه‌تی سه‌ردانییه‌كه‌ی بۆ لوبنان بۆ گوێگرتنه له لایه‌نه‌كان و ده‌ستپێكردنی راوێژه پێویسته‌كان له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان بۆ ده‌رچوونی لوبنان له‌و ته‌نگژه سیاسییه‌ی رووبه‌ڕووی بووه‌ته‌وه.
له‌لای خۆیانه‌وه به‌شێك له رۆژنامه‌كانی فه‌ره‌نسا له‌ناویشیاندا رۆژنامه‌ی "لۆریان" ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، لۆدریان به سه‌ردانێك له لوبنانه بۆ ئه‌ركێك كه چاره‌سه‌ركردنی مه‌حاڵه.
ئیمانوێڵ ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له (7ـی حوزه‌یرانی 2023) لۆدریانی وه‌ك نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ هاوكاریكردنی لوبنانییه‌كان له چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی بۆشایی سیاسی ده‌ستنیشان كرد.