لایەنگرانی ترەمپ هەوڵی دوورخستنەوەی جۆو بایدن دەدەن
K24 - هەولێر
کۆمەڵێک نوێنەری توندڕەو کە دڵسۆزی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دۆناڵد ترەمپ-ن، داواییەکی سەرەتاییان تۆمارکردووە، بۆ دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەیەک، بۆ دوورخستنەوەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن. بەڵام ئەو هەنگاوە هێشتا پشتیوانی زۆرینەی کۆمارییەکانی لە ئەنجومەنی نوێنەران بەدەست نەهێناوە.
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بڕیارەکەی نوێنەری راستڕەو "لۆرێن بۆبێرتی" رەوانەی دوو لیژنە کردووە لەجیاتی دەستەی گشتی، وەک بەشێک لەو رێککەوتنەی کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران کێڤن مکارتییەوە واژۆ کرا بۆ رازیکردنی کۆمارییە راستڕەوە توندڕەوەکان لە حیزبەکەیدا و خۆ بەدوورگرتن لەو قەیرانە.
هەروەها بەڵێنی داوە ئەم هەنگاوە شکست بە بڕیارەکە بهێنێت، چونکە چاوەڕوان ناکرێت لە ئەنجومەنەکەدا پەسەند بکرێت.
دەنگدانەکە لەسەر داواکە بووە هۆی دابەشبوونی ئەندامانی پارتی کۆمارییەکان، کە 219 نوێنەر بە بەڵێ و 208 نوێنەر بەنەخێر و 3 کۆماری و 4 دیموکرات دەنگیان پێنەدا.
بەدواداچوونی خێرای دەنگدان بۆ دوورخستنەوە و لادانی جۆو بایدن، زۆرینەی کۆمارییەکانی توڕە کردووە کە پێیان وایە نوێنەرانی راستڕەوە توندڕەوەکان میکانیزمەکانی یاسادانانیان خراپ بەکارهێناوە کە سیستەمی ئاسایی حکومەت لاواز دەکات.