بزووتنەوەیەکی سیاسی نوێ لە بەسرە دامەزرا

داوا دەکەن بەسرە ببێتە هەرێمێکی هاوشێوەی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

لە پارێزگای بەسرە، دامەزراندنی بزووتنەوەی سیاسی سەربەخۆی "چالاکوانان" راگەیەندرا، بۆ ئەمەش پڕۆژەی پێکهێنانی هەرێمی بەسرە یەکێکە لە کارە سەرەکیەکانیان و بە هەموو هێزێکەوە هەوڵی بۆ دەدەن.

ئێوارەی رۆژی شەممە،24ی حوزەیرانی2023، یەکەمین کۆنفرانسی دامەزرێنەری بزووتنەوەی "چالاکوانان" لە هۆڵی یەکێتی بازرگانان لە بەسرە بەڕێوەچوو. ئەمڕۆ ئەندامانی بزووتنەوەکە رایانگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی چالاکوانانی هەرێمی بەسرە، بۆ پێکهێنانی قەوارەیەکی سیاسی، یەکەمین کۆنفرانسی بزووتنەوەکەیان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئەنجامدا.

ئەندامانی بزووتنەوەی چالاکوانان هیوایان خواست کە بزووتنەوەکە هەموو هەوڵێکی بۆ داواکردنی پڕۆژەی هەرێمی بەسرە بێت، هەروەها بۆ نەهێشتنی ستەمی ناوەند.

هەروەها یەکێک لە ئامانجەکانی بزووتنەوەکە خۆکاندیدکردنە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق کە بڕیارە لە کۆتایی ساڵی 2023 بەڕێوەبچێت.

بەرپرسانی بزووتنەوەکە کەسانی ناسراو و چالاکوانن، هەروەک لە ساڵانی رابردوودا داوایان دەکرد هەرێمی بەسرە وەکو هەرێمی کوردستان پێکبهێنرێت، کە بووەتە نموونەیەک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست،  بەهۆی ئەو پێشکەوتنەی کە لە بوارە جیاجیاکاندا بەدەستی هێناوە، لە خزمەتگوزاری گشتی بەتایبەتی لە کەرتی بیناسازیدا.

لە ساڵی 2019دا، ئەنجومەنی پارێزگای بەسرە بە زۆرینەی دەنگ داوای گۆڕینی پارێزگای بەسرەیان بۆ هەرێمی بەسرە کرد.

داوا یاساییەکانی هەرێمی بەسرە لە سەرەتای ساڵی 2003 و شەڕی ئازادکردنی عێراق هاتە ئاراوە، بەڵام لەبەر چەند هۆکارێک نەیانتوانی سەرکەوتووبێت، لەوانە رازی نەبوونی حکومەتی فیدراڵی بوو بۆ بە هەرێم بوونی بەسرە.

 

Fly Erbil Advertisment