لە پەرلەمان لێپرسینەوە لە وەزیری دەرەوەی ئێران دەکرێت

K24 - هەولێر

بەپێی ئاژانسی فەرمیی ئیرنا، بڕیارە رۆژی چوارشەممە حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبەردەم پەرلەمان ئامادەبێت و وەڵامی پرسیاری ئەو پەرلەمانتارانە بداتەوە کە ستافی دیپلۆماسی حکومەتی ئێستای ئێران تۆمەتبار دەکەن بە رزگارنەبوون لە "باندی نیویۆرک".

عەبدوڵڵاهیان لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردووەوە رووبەڕووی لێپرسینەوە بووەتەوە، لەو کاتەدا لێپرسینەوە لە کارنامەی پەرلەمان لابرا، بەهۆی پاشەکشەی نوێنەری تاران، عەلی خدریان، لە پرسیارکردن و دواخستنی بۆ ماوەی مانگێک، دوای ئەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوە گەیشتە رێککەوتن لەسەر چارەسەرکردنی بابەتەکە.

ئەو پرسیارەی ئاراستەی عەبدوڵڵاهیان کراوە، داوای روونکردنەوە لێ دەکرێت لەسەر "هۆکارەکانی هێشتنەوەی باندی نیویۆرک لە وەزارەتی دەرەوە"، کە ئەو ناوەیە لە بازنەکانی ئێراندا بە بازنەی محەممەد جەواد زەریف، وەزیری پێشووی دەرەوە، و پێش ئەویش وەزیری پێشووتری دەرەوە، کەمال خەرازی، کە ئێستا سەرۆکایەتی کۆمیتەی باڵای ستراتژی سیاسەتی دەرەوە دەکات، کە ئۆرگانێکە لە ژێر نووسینگەی رێبەری ئێران و بە شێوەیەکی سەرەکی بەشدارە لە داڕشتنی ڕێگاکانی سیاسەتی دەرەوە دادەنرێت.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا رایگەیاند، "باندەکەی نیویۆرک" زاراوەیەکە بۆ "پێناسەکردنی ئەو هێزانەی کە مەیلیان بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ رۆژئاوا هەیە و ئەو پرسیارەش لەلایەن نوێنەری شاری مەشهەد لە حکومەتی پێشوودا کراوە".

ئەوەی پرسیارەکەی ئاراستەی عەبدوڵڵاهیان کردووە دەڵێت: بە لەبەرچاوگرتنی رێگای سیاسەتی حکومەت، هەروەها هۆکاری سیاسەتی ئێستای وەزیری دەرەوە و سوود وەرنەگرتن لە شارەزایانی بەتوانا، مانەوەی باندەکەی نیویۆرک کە بازنەی زەریفی بووە، هۆکار چیە؟.

"ئیرنا" بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ رەخنەی لە پێداگری پەرلەمان لە بەردەوامبوونی فشارەکان بۆ سەر عەبدوڵڵاهیان لەم بارەوە گرت، ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزیری دەرەوە لەم هەفتەیەدا دەچێتە پەرلەمان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەی لە سەرەتای دامەزراندنی حکومەتی 13هەمەوە هاتووەتە ئاراوە، لەکاتێکدا دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ، هێزە دڵسۆزەکانی حکومەت بەرپرسیارێتی سەرەتایی لە وەزارەت لە ئەستۆ دەگرن و پلانیان هەیە بۆ پێشخستنی ئەو سیاسەتە دەرەکییەی کە عەلی خامنەیی دەیەوێت.

هەروەها ئاژانسەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە عەبدوڵڵاهیان، لە لیژنەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی رووبەڕووی ئەو پرسیارە بووەتەوە و وەڵامی داوەتەوە کە رێڕەوی دامەزراندن لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، وەک ئۆرگانێکی سەروەر و تایبەتمەند بەتەواوی پەیوەستە بە رێساکانەوە، هەروەها  لایەنە پەیوەندیدارەکان لەبەرچاو دەگرن.

محەممەد جەواد زەریف، لە لێدوانەکانی پێشوودا ئاماژەی بەوەکردووە، سەرەتای جەماوەریی ئەو خولە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی وەزارەتەکەی خەرازی و ناوی ئەو تیمە بووە کە لە نیویۆرک لەگەڵیدا کاردەکات.

زەریف لە میانی گفتوگۆیەکدا لەسەر ئەپی کڵەبهاوس، رەتیکردەوە کە ئەنجومەنی نیشتمانی ئێرانی ئەمەریکی "نایاک" کە دیارترین گرووپی ئێرانە لە ئەمەریکا، پارەیان لە ئێران وەرگرتبێت.

گوتیشی، "ئەوان هەستیار بوون بەرامبەر "نایاک" لە ئێران، دەیانگوت کە ئەو رەخنە لە مافەکانی مرۆڤ لە ئێران دەگرێت، حوسێن تایب، بەرپرسی پێشووی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران پێی وابوو من دامەزرێنەری "نایاک"م و دژایەتیان دەکات.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زاری ئیبراهیم رەیسی نووسیویەتی، "سیاسەتی حکومەت هاوسەنگکردنەوەی سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و دۆست بە ئاراستەیەکی هاوبەشەوەیە"، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە وەزارەتی دەرەوە پێویستە "دیپلۆماسی چالاک و زیرەک بەپێی پێویست بۆ زیادکردنی هێزی نیشتمانی بەکاربهێنێت".