دەستەی ئامار: تا کۆتایی 2023 ژمارەی دانیشتووانی هەرێم 6.5 ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت

ژمارەیەک دانیشتووی هەرێمی کوردستان
ژمارەیەک دانیشتووی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

دەستەی ئاماری هەرێم لە رۆژی جیهانی دانیشتووان ئامارێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا پێشینی کردووە تا کۆتایی ساڵی 2023 ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان (بەبێ ژمارەی ئاوارە و پەنابەران) بگاتە سەرووی شەش ملیۆن و نیو کەس.

رۆژی 11ـی تەممووزی هەموو ساڵێک لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەکو رۆژی دانیشتووانی جیهان دەستنیشانکراوە بە مەبەستی تیشک خستنەسەر بابەتی دانیشتووان لە چەند روویەکەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 11ـی تەممووزی 2023، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە،  بەپێی خەمڵاندنی دەستەی ئامار پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ساڵی 2023، ژمارەی دانیشتووانی هەرێم (بەبێ ژمارەی ئاوارە و پەنابەران)  بگاتە شەش ملیۆن و 556 هەزار و 752 کەس.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی دەستەی ئامار، رەگەزی نێر زۆرینەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان پێکدێنێت بەم شێوەیە؛ سێ ملیۆن و 296 هەزار و 240 دانیشتوو لە رەگەزی نێرن و لە بەرامبەردا سێ ملیۆن و 260 هەزار و 240 دانیشتووی دیکەش لە رەگەزی مێن.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی دەستەی ئامار،  لە کۆی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان، سەدا 78.4ـی دانیشتووان شارنشینن و لە بەرامبەردا سەدا 21.6ـی دیکە دانیشتووی گوند و لادێکانن. هاوکات رێژەی گەشەی دانیشتووانی هەرێم بۆ ساڵی 2023 بە 2% خەملێندراوە.

دەستەی ئامار لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، یەکێک لەو بابەتانەی دانیشتووان کە کاریگەری هەبووە لەسەر پێکهاتەی دیموگرافی هەرێم، بوونی ئاوارە ناوخۆییەکانی بووە لە عێراق. 

بەپێی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، ژمارەی ئاوارەی ناوخۆ لە عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی 2022، زیاتر لە یەک ملیۆن و 111 هەزار کەس بووە. پشکی هەرێمی کوردستان لەو ئامارەی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ، 694 هەزار کەس بووە، واتا سەدا 52.6ـی ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق.  

بەگوێرەی ئامارێکی ماڵپەری World Population، عێراق لە ریزبەندی 35ـی ئەو وڵاتانە دێت کە زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی لە ساڵی 2023 هەبووە و ژمارەی دانیشتووانەکەی گەیشتووەتە سەرووی 45 ملیۆن و 527 هەزار کەس.