بە هۆی سکاڵای فەرەنسییەکان دەیان خێزانی جەزائیری رووبەرووی هەڕەشەی دەرکردن لە ماڵەکانیان دەبنەوە
K24 - هەولێر
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2016، دادگای بوهران لە جەزائیر، دانیشتوانی باڵەخانەیەکی ناوەندی شارەکەی لە بڕیاری چۆڵکردنی شوقەکانیان ئاگادارکردەوە، بە بیانووی ئەوەی کە ئەوشوقانە هی ئەو فەرەنسیانەن کە لە جەزائیر لەدایک بوون.
خاوەنی باڵەخانەکان لەهەوڵدان بۆ وەرگرتنەوەی موڵک و خانووبەرەکانیان، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی داگیرکردنی جەزائیر لەلایەن فەرەنسیەکانەوە لەساڵی 1830 تاکو 1962، کەپێیان دەگوترێت پێ ڕەش، کە ئەو فەرەنسیانەبوون کە لە جەزائیر لەدایک بوون.
بەڵام دوای راگەیاندنی ئەنجامی ریفراندۆم، کە لە سێی تەمموزی ساڵی 1962 راگەیەندرا، هەزاران کەس باڵەخانە و زەوییە کشتوکاڵییەکان و کۆمپانیاکانیان بەجێهێشت، کە لەلایەن حکومەتی تازەی جەزائیرەوە دەستی بەسەردا گیرابوو.
پارێزەرێک لە پایتەختی جەزائیر کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە شەرقولئەوسەتی راگەیاندووە، نەوەکانی پێ ڕەشەکان لە ساڵی 2018دا، سەردانی ئۆفیسەکەیان کردووە، بە ئامانجی دەستپێکردنی رێکارەکانی نۆژەنکردنەوەی بینایەکی پێنج نهۆمی کە دەکەوێتە شەقامێک لە پایتەخت.
ئاماژەی بەوەشکرد، تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە خاوەنی بەڵگەنامەی موڵک و ماڵی خۆیانن کە ناوی باپیرەیان و بڕوانامەی مردنی لەسەرە، بۆ سەلماندنی مافی گواستنەوەی خاوەندارێتیی بۆیان، بەڵام کاتێک دەستی بە هەوڵە دادوەرییەکان کرد، تووشی ئاڵۆزیی کارگێڕی و دادوەری بوو، بەهۆی ئەوەی کە شوقەکان کارمەندانی دیپلۆماسی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی جەزائیرتێیدا نیشتەجێن.
فاتیمە ئەلزەهرا بن براهیم، پارێزەر و فەقێ، باس لە هەندێک لە وردەکارییەکانی ئەم دۆسیەیە دەکات و دەڵێت: "ئەمە کێشەیەکی قورسە، چونکە رێککەوتننامەکانی ئێڤیان، روونییەکی زۆریان تێدا هەبووە، ئەوە رێککەوتنێکی جەزائیر و فەرەنسایە، چونکە رێککەوتنەکان باس لەوە دەکەن کە هەر فەرەنسییەک کە لە ساڵی 1962 جەزائیر بەجێدەهێڵێت و ئارەزوو دەکات موڵکەکانی لە خانووبەرە و شوقەدا بمێننەوە، ئەوە پێویستە پێش کۆتایی هاتنی ماوەی دیاریکراو بگەڕێتەوە، ئەگەر غیابی درێژخایەن بوو و نەگەڕایەوە بۆی،ئەوا هیچ مافێکی نییە و مەسەلەکە کۆتایی پیدێت.
سەرۆکی کۆچکردووی جەزائیر، ئەحمەد بن بێلا لە ساڵی 1963دا، فەرمانێکی واژۆ کرد، کە هەموو وەبەرهێنانە کشتوکاڵییەکان کە "پێ ڕەشەکان"ی خاوەنیان بوون بە نیشتمانی کرد. پێش ئەوە سەرۆکی جەزائیر رایگەیاندبوو، کە موڵک و ماڵی ئەو جەزائیرییانەی کە هاوکاری داگیرکەرانیان کردووە لە دژی شۆڕش دەخرێنە ژێر پاراستنی دەوڵەت.
حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی فەرەنسا داوایان دەکرد، ئەو فەرەنسیانەی کە لە ژیاندا ماون یان منداڵەکانیان، موڵک و ماڵی خۆیان پێبدرێتەوە.
دۆسیەی موڵک و ماڵی فەرەنسیەکان لە جەزائیر نزیکەی 60 ساڵە بابەتی مشتومڕی نێوان هەردوو وڵات بووە، هەموو سەرۆکەکانی فەرەنسا کاتێک سەردانی جەزائیریان کردووە لەگەڵ خۆیان ئەو دۆسیەیان کردووەتەوە، بەڵام نە جاک شیراک، نە نیکۆلاس سارکۆزی، نە فرانسوا ئۆلاند، تەنانەت ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی ئێستای فەرەنساش، سەرکەوتوو نەبوون لە دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو پرسە لەگەڵ سەرۆکی پێشووی جەزائیر، عەبدولعەزیز بوتەفلیقە و سەرۆکی ئێستا عەبدولمەجید تەبون.
هەروەها هەندێک خێزان کە لە ژمارەیەک باڵەخانەی کۆندا لە جەزائیر نیشتەجێن، هێشتا رووبەڕووی هەڕەشەی دەرکردن دەبنەوە لە ماڵەکانیان، دوای ئەوەی میراتگرانی فەرەنسی خاوەن خانووەکان داوای یاسایییان تۆمارکرد و داوای موڵک و ماڵی خۆیان دەکەن. بۆیە دانیشتوانی ئەو موڵکانە کە زۆربەیان زیاتر لە 60 ساڵە شوقەکانیان بەکرێ گرتووە، گلەیی لەو مەترسییە دەکەن کە لەگەڵیدا دەژین، کە لە چەند ساڵی رابردوودا زۆرتر بووە.