عێراق نەوتی خاو دەداتە ئێران بەرامبەر بە هاوردەکردنی غاز

K24 - هەولێر

راگەیاندنی رێککەوتنێک لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کە دابین کردنی بڕێک نەوتی خاوە بەرامبەر وەرگرتنی غازی ئێران، بۆ کارپێکردنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا،  بووەتە بابەتی گەرمی نێوان سیاسیەکان و ئابووریناسان سۆشیال میدیا.

ئیحسان یاسین ئەلعەوادی، بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکوەزیران بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیە راگەیاند، رێککەوتنەکەی نێوان عێراق و ئێران لە بەغدا واژۆ کراوە، کە باڵیۆزی ئێران لە عێراق، محەممەد سادق ئال کازم، وەکو لایەنی ئێرانی واژۆی لەسەر رێککەوتنەکە کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو رێککەوتنە دوای چەند رۆژێک لە دانوستانی نێوان شاند و لێژنە تەکنیکییەکانی نێوان هەردوولا دێت.

دەشڵێت: رێککەوتنەکە لەچوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتدایە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی غازە کە وێستگەکانی کارەبای پێ بەڕێوەدەبرێت، هەروەها دوورکەوتنەوەیە لە کێشە و ئاڵیۆزییەکان و سزاکانی ئەمەریکا کە رێگری لەهاوردەکردنی غاز دەکات بە پارە.

سوودانیش لە وتارێکیدا کە ئاراستەی گەلی عێراقی کردووە و دەڵێت: ئەو بڕیارە دابین کردنی بەردەوامی غاز مسۆگەر دەکات، لە ئێستادا کۆتایی بەقەیرانەکە دێت.

گوتیشی: دابینکردنی غازی ئێران دەستیپێکردووە،بڕەکەشی لە ئێوارەی رۆژی سێشەممەوە زیادی کردووە، کە دەگاتە 10 ملیۆن مەتر سێجای ستاندارد.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی رازی نەبوونی ئەمەریکا بۆگواستنەوەی ئەو بڕە پاران بۆ ئێران، هاوردەکردنی غازی ئێران بۆ عێراق لە سەدا 50، کەمیکردووە.

راشیگەیاند، عێراق سەرجەم پارەدانەکانی خۆی تایبەت بەغاز داوەتە ئێران، کە بڕەکەی 11 ملیار دۆلارە.