سوودانی کارگەیەکی قیڕ لە پارێزگای موسەنا دەکاتەوە
K24 - هەولێر
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پارێزگای موسەنا کارگەی قیری وەتەنیەی کردەوە، کە توانای هەیە رۆژانە دوو هەزار تۆن قیڕی ئۆکسجین کراو بەرهەم بهێنێت.
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە،15ی تەمموزی 2023، گەیشتە پارێزگای موسەنا بۆ کردنەوەی پرۆژەی کارگەی وەتەنیە، بۆ بەرهەمهێنانی قیری ئۆکسجینی کوالێتی بەرز.
سوودانی سەردانی کارکردنی ئەلیکترۆنی کارگەکەی کرد، گوێی لە روونکردنەوەی وردی کارەکانی یەکەکانی کارگەکە گرت، کە توانای بەرهەمهێنانی ئەو کارگەیە دەگاتە 200 تۆن لە کاتژمێرێکدا.
سەرۆکی حکومەتی عێراق، هەوڵەکانی کادیران و کرێکارانی ئەندازیاری لە کۆمپانیای ناوخۆیی و دروستکردنی کارگەکەی بەرز نرخاند، کە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی عێراق بە گشتی و پارێزگای موسەنا بەتایبەتی، گوتیشی، وەبەرهێنان لەو کەرتە زۆر گرنگە.
سوودانی، جەختی لەوە کردەوە، کە پارێزگای موسەنا خاوەنی چەندین پێکهاتەیە بۆ ئەوەی پارێزگایەکی کاریگەر بێت لەسەر ئاستی پیشەسازی و وەبەرهێنانی نیشتمانی، کە ئابوورییەکەی بەرەوپێش دەبات و هەلی کار بۆ خەڵکەکەی دەڕەخسێنێت، بەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان.
کارگەی قیری ئۆکسجینی کوالیتی بەرز، دەکەوێتە ناوچەی شەراکییە لە نزیک پاڵاوگەی سەماوە، هەروەها سیستەمی پۆلیمرە پێشکەوتووەکان دەگرێتەبەر، کە بۆ یەکەمجار لە بنکەی کارگەکانی قیر لەناو پارێزگاکەدا بەکاردەهێنرێت، هەروەها پلانیان هەیە لەداهاتوودا بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارگەکە بۆ وەرگیراوەکانی نەوتی جۆراوجۆر، کە بەشدار دەبن لە پشتگیریکردنی پیشەسازی نەوت لە پارێزگاکەدا.
کارگەکە بە سیستەمێکی مۆدێرن بەڕێوەدەبرێت، توانای بەرهەمهێنانی لە رۆژێکدا لە 2000 تۆن زیاترە لە قیری ئۆکسجینکراو بە جۆرە جیاوازەکان، لەوانە قیری پلە 40/50، کە بۆ ڕووپۆشکردنی رێگاوبانەکانی ناوخۆ بەکاردێت، هەروەها بەرهەمی ئۆکسجینکراویش بەرهەمدەهێنێت کە بۆ هەناردەکردن بەکاردێت.