ئیمارات و تورکیا رێکەوتنێکیان بەبەهای زیاتر لە 50 ملیار دۆلار واژۆکرد

شێخ محەممەد زاید  و ئەردۆغان
شێخ محەممەد زاید و ئەردۆغان

K24 - هەولێر

سەرۆکی تورکیا کۆتایی بە گەشتەکەی هێنا بۆ کەنداوی عەرەبی کە دوا وڵات سەردانی کرد ئیمارات بوو، هەروەها بەبەهای 50 ملیار دۆلار چەند رێککەوتنێکیان واژۆ کرد.

ئاژانسی "وام"ی فەرمی ئیمارات رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە، شێخ محەممەد زاید ئال نهیان سەرۆکی ئیمارات، پێشوازی لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کرد.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوو سەرۆکەکە ئاڵوگۆڕی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن و رێککەوتنیان بە بەهای 50.7 ملیار دۆلارکرد

راشیگەیاند، "ئەم رێککەوتنانە ئامانجیان هەمەجۆرکردنی بوارەکانی هاوبەشی ستراتیژی گشتگیرە لە نێوان هەردوو وڵاتدا و فراوانکردنی ئاسۆکانە بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی هەردوو وڵات بۆ گەشەکردن و خۆشگوزەرانی ئابووری بەردەوام".

هەروەها ئیمارات و تورکیا رێککەوتنێکی هاوبەشییان بۆ پێکهێنانی لیژنەیەکی ستراتیژی باڵاتر لە نێوان هەردوو وڵاتدا راگەیاند.

جگە لە ئیمارات، گەشتە سێ رۆژییەکەی ئەردۆغان، سعوودیە و قەتەریشی تێدابوو، کە تێیدا چەن رێککەوتنێک واژۆکرا بۆ زیندووکردنەوەی ئابووری تورکیا، چونکە بەهۆی هەڵئاوسانی بەرز و داڕمانی نرخی دراوی نیشتمانییەوە دەناڵێنێت.

کۆی گشتی بازرگانی نا نەوتی نێوان ئیمارات و تورکیا لە ساڵی 2022دا گەیشتە نزیکەی 19 ملیار دۆلار، ئەمەش بە رێژەی 40% زیادی کردووە بە بەراورد بە ساڵی 2021، ئەمەش تورکیا دەکاتە یەکێک لە 10 گەورەترین هاوبەشە بازرگانییەکانی ئیمارات.