ڤیان دەخیل: تا ئێستا حکومەتی عێراق هیچ هەنگاوێکی جددی بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال نەگرتووەتەبەر

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا
ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا، رایگەیاند، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی جددی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال نەنراوە و دەبێت حکومەتی عێراق گرووپ و میلیشیاکان لە شنگال دووربخاتەوە، هاوکات دەشڵێت: سەرۆک بارزانی بەردەوام جەخت لە هاوکاریکردنی ئێزدییەکان دەکاتەوە.

ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، نۆ ساڵ لەمەوبەر جینۆسایدێکی گەورە بەسەر ئێزدییەکان هات، تاکوو ئێستا حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق ئەم پرسەیان بە جددی وەرنەگرتووە.

هاوکات راشیگەیاند، تا ئێستا هەنگاوی جددی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال نەنراوە و دەبێت حکومەتی عێراق گرووپ و میلیشیاکان لە شنگال دووربخاتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، پێویستە پۆلیس و هێزە فەرمییەکان لە شنگال جێگیر بکرێن، کە خەڵکی شنگال بن.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا، باسی لەوەشکرد، شنگال تا ئێستا ئاوادانکراوەتەوە، پێویستبوو لەسەر حکومەتی عێراق لە یاسای بودجەدا ، بودجەیەکی تەرخانکردبا بۆ ئاوادانکردنەوەی قەزای شنگال.

روونیکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان جێبەجێکردنی رێککەوتنامەی شنگال کردبووە مەرج کە لە حکومەتەکەی سوودانی جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەو رێککەوتنەیان جێبەجێ نەکردووە، چونکە لایەنێک هەیە نایەوێت ئەو رێککەوتنە جێبەجێ بکرێت.

ڤیان دەخیل، ئەوەشی خستەڕوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان هەموو پشتیوانی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەکەن.

گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا، لە درێژەی قسەکانیدا، ئاماژەی بەوەشکرد، بەگوێرەی رێککەوتن دەبێت شنگال بۆ خەڵکی شنگال بێت.

دەشڵێت: خەڵکی هەرێمی کوردستان دەرگای ماڵەکانیان بۆ ئێزدییەکان کردەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خزمەتێکی زۆری ئێزدییەکانی کردووە.

ڤیان دەخیل، گوتی: سەرۆک بارزانی بەردەوام جەخت لە هاوکاریکردنی ئێزدییەکان دەکاتەوە.

گوتیشی: دوو رۆژ پێش ئێستا بەریتانیاش کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید ناساند، هەروەها 14 دەوڵەت دانیان بە جینۆسایدناساندنی ئیزدییەکان ناوە، بەڵام تا ئێستا پەرلەمانی عێراق کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی بە جینۆساید نەناساندووە.

ئەوەشی راگەیاند، بە جینۆسایدناساندی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان گرنگی بە دۆسییەکە دەدات.

لە هێرشەکەی رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.

بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.