مەحموود ئێزدی: تەنیا حکومەتی هەرێم هەوڵی باشکردنی دۆخی ئاوارەکانی شنگال دەدات

مەحموود ئێزدی، یاریدەدەری مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا
مەحموود ئێزدی، یاریدەدەری مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا

K24 – هەولێر:

یاریدەدەری مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، رایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی هاریکاری درێژکردووە بۆ ئاوارەکانی شنگال و کەمتەرخەمی نەکردووە، بەڵام حکومەتی عێراق تا ئێستا خۆی لە ئاوارەکانی شنگال نەکردووەتە خاوەن.

مەحموود ئێزدی، یاریدەدەری مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، پێویستە حکومەتی عێراق بە زووترین کات رێککەوتنامەی شنگال جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی شارەکە ئاوەدانی بەخۆیەوە ببینێتەوە و ئاوارەکان بتوانن بگەڕێنەوە.

هاوکات راشیگەیاند، تەنیا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی باشکردنی دۆخی ئاوارەکانی شنگال دەدات و حکومەتی عێراق تا ئێستا خۆی لە ئاوارەکانی شنگال نەکردووەتە خاوەن.

ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هێزە بیانییەکان لە سنووری شنگال نەمێنن، هەروەها هێزەکانی پەکەکە دۆخی شنگالیان خراپ کردووە ئەوان بوونەتە هۆکاری ئەوەی کەبەردەوام ناوجەکە ئارام نەبێتن.

ئەمڕۆ(3ـی ئابی 2023) نۆ ساڵ بەسەر جینۆسایدی شنگال تێدەپەڕێت، بەبۆنەی یادی ئەم نۆ ساڵە سەرۆک بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هاتووە، "رێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق لەمەڕ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەكان باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی كۆتایی بە نەهامەتی و ئازارەكانی خەڵكی شنگال بهێندرێت. بەڵام جێگەی پرسیارە بۆچی هەتا ئێستا حكوومەتی عێراقی نەیتوانیوە ڕێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ بكات و، تا كەی حكوومەتی عێراق بوار بەو هێز و لایەنانە دەدات كە ڕێگری  لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال بکەن".

سەرۆک بارزانی، راشیگەیاندووە: "لەو یادەدا گەلی كوردستان ئەو چاوەڕوانیەی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی تر هەیە كە هاوشێوەی ئەڵمانیا و بریتانیا بە فەرمی دان بە جینۆسایدكردنی ئێزیدییەكان لە لایەن داعشەوە بنێن و هەروەها بە فەرمی كیمیابارانكردن و پڕۆسەكانی ئەنفال و سەرجەم تاوانەكانی تریش بە جینۆساید بناسن كە بەرانبەر گەلی كوردستان ئەنجام دراون".

هاوکات سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە یادی ئەم جینۆسایدەدا لە پەیامێکدا رایگەیاند، بە داخەوە دوای تێپەڕبوونی نۆ ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا، کەچی هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە و بەهۆی خۆسەپێنی میلیشیا و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و ناوچەکە ئاوەدان نەکراوەتەوە.

لە هێرشەکەی رۆژی 3ی ئابی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شنگال، چیای شنگال تاکە شوێن بوو ئێزدییەکان هانایان بۆ برد بۆ ئەوەی نەکەونە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش. ئەو ئێزدییانەی لە دەست داعش و شەڕەکە هەڵهاتن پەنایان بردە بەر چیای شنگال. بەشێکیان بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەسەر چیاکە مانەوە، بەشێکیشیان لەوێوە خۆیان گەیاندە رۆژئاوای کوردستان و پاشان لەڕێگەی دەروازەی سێمێلکا - پێشابوورەوە گەڕانەوە و لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئاوارەبوون و بەشێکیشیان روویانکردە وڵاتانی دەرەوە.

بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە بۆ سەر شنگال؛ زیاتر لە پێنج هەزار کوردی ئێزدی کوژران و نزیکەی دوو هەزار و 745 منداڵ بێ دایک و باوک بوون.

هەر بەهۆی هێرشەکەوە زیاتر لە 325 هەزار ئێزدیی ئاوارەبوون. بەگوێرەی نوێترین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکانی سەر بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی هێرشەکەی داعشەوە، 135 هەزار و 860 کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، هەروەها 189 هەزار و 337 کەسیش ئاوارەی ناوچە دابڕاوەکانی باشووری کوردستان بوون و زیاتر لە 100 هەزار کەسیش کۆچبەری وڵاتان بوون.